شه‌وی یه‌كی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر، له دوا لۆفه‌كانی ڕێگه‌ی سه‌ر چیای شنگال، دوو كارمه‌ندی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕێگه‌وبانی دهۆك له ڕووداوێكی ته‌مومژاویدا كوژران و هۆی كوشتنه‌كه‌یان ڕوون نه‌بووه‌وه. "وشه" به‌ده‌ستخستنی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك، ناوی بكوژی ئه‌و دوو كارمه‌نده و نهێنییه‌كانی پشت رووداوه‌كه ئاشكرا ده‌كات. سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك ڕای ده‌گه‌یه‌نێت كه "بكوژه‌كان ڕوونن، به‌ڵام ناتوانرێ به‌پێی یاسا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێ، بۆیه ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له ناوچه‌كه بمێنێته‌وه، حاڵه‌تی له‌م شێوه‌یه زیاتر ده‌بێت".
چۆنیه‌تیی كوشتنی ئه‌و دوو كارمه‌نده
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "وشه"، په‌كه‌كه له شنگال ویستوویانه هێرش بكه‌نه سه‌ر چه‌ند گوندێكی ناوچه‌كه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته 600 تا 700 چه‌كداریان له ڕۆژئاوای كوردستانه‌وه هێناوه، به‌ڵام بۆ ئه‌و كاره ده‌بوو هێزه‌كانی په‌كه‌كه له خه‌نده‌ق و ساتری پێشمه‌رگه‌وه ئاودیو ببن و به‌ره‌و گونده‌كان به‌ڕێ بكه‌ون. به‌رپرسانی په‌كه‌كه چوونه‌ته سه‌ر خه‌نده‌قه‌كانی پێشمه‌رگه و ویستوویانه پڕی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به توندی وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه و ڕێگرییان لێ كردوون. دوای ئه‌وه، عه‌گید جڤیان فه‌رمانده‌ی هه‌په‌گه له شنگال و ئه‌ندامی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌جه‌كه، له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له مه‌زڵووم ڕووس فه‌رمانده‌ی گشتیی یه‌به‌شه كه ئێسته ناوی خۆی كردووه‌ته "مه‌زڵووم شنگالی" ئێزیدییه‌كی باكوری كوردستانه و ئاواره‌ی ڕووسیا بووه، تۆفیق چه‌لی فه‌رمانده‌ی هێزی گه‌ڕۆكی ڕۆژئاوا، مه‌زڵووم سه‌رحه‌د، ده‌وران سه‌رحه‌د، فه‌رزاد باكور، محه‌مه‌د ئه‌بوزێد كۆ بوونه‌ته‌وه و بڕیاریان داوه، ئه‌وانه‌ی خه‌نده‌قیان بۆ پێشمه‌رگه لێ داوه له‌ناویان ببه‌ن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ناو په‌كه‌كه له شنگال به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، دوای سه‌عات 10:00ی شه‌و هه‌ریه‌ك له "مه‌زڵووم سه‌رحه‌د، ده‌وران سه‌رحه‌د، فه‌رزاد باكور" پاسه‌وانه‌كانی باره‌گای په‌كه‌كه‌یان له‌سه‌ر چیای شنگال ئاگه‌دار كرده‌وه كه ئه‌وان كارێكی گرنگیان هه‌یه و نابێ ته‌قه‌یان لێ بكه‌ن. فه‌رزاد باكور، ده‌مانچه‌یه‌كی بێ ده‌نگی پێ بووه و ده‌وران سه‌رحه‌د كلاشینكۆفێكی به‌ده‌سته‌وه بووه، دوای ماوه‌یه‌ك ئۆتۆمبێلێكی جۆری تۆیۆتا پیك ئاب له دووریی 140 مه‌تر له شوێنی پاسه‌وانی باره‌گای په‌كه‌كه ده‌وه‌ستن و ده‌نگی دوو فیشه‌كی ده‌مانچه‌ی بێ ده‌نگ و دوو فیشه‌كی تری كلاشینكۆفمان بیست، به‌هۆی ڕووناكی بلاجكتۆری شوێنی پاسه‌وانی، هه‌ریه‌ك له مه‌زلووم و ده‌وران و فه‌رزاد له ده‌وری ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا پیك ئاب بینران، كه ئه‌و دوو كارمه‌نده‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕێگه‌وبانی دهۆكی تێدابوو، دواتر ئۆتۆمبێله‌كه‌یان گواسته‌وه بۆ دووریی 70 مه‌تر ڕۆژئاوای باره‌گای په‌كه‌كه و هاتنه‌وه و به ئۆتۆمبێلێكی تر هه‌رسێكیان باره‌گاكه‌یان به‌جێ هێشت، دوای چه‌ند ڕۆژێك ئاشكرا بوو كه ئه‌و دوو كه‌سه‌ی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا كوژراون، كارمه‌ندی ڕێگه‌وبانی دهۆكن.
ناوی بكوژه‌كان ئاشكرا ده‌بێت
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی "وشه"، (وه‌یس عه‌بدوڵا سه‌عید و عه‌بدولمه‌ناف ته‌ها) ئه‌و دوو كارمهندهن له چیای شنگال له‌لایه‌ن سێ چه‌كداری په‌كه‌كه‌وه شه‌هید كراون. سه‌رچاوه‌یه‌كی ته‌ناهی له دهۆك به"وشه"ی راگه‌یاند، "دانپێدانان و زانیاری ورد و ته‌واویش له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه له به‌رده‌ستدایه و بكوژه‌كان بریتین له مه‌زڵووم سه‌رحه‌د، ته‌مه‌نی 30 ساڵ ده‌بێ و خه‌ڵكی شاری وانه له باكوری كوردستان، به‌رپرسی هه‌واڵگریی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل "هه‌په‌گه"یه له شنگال.
ده‌وران سه‌رحه‌د ته‌مه‌نی 28 ساڵه و خه‌ڵكی ناوچه‌ی سه‌رحه‌دی باكوری كوردستانه و له 2006 پێوه‌ندی به په‌كه‌كه‌وه كردووه و جێگری به‌رپرسی هه‌واڵگریی هه‌په‌گه‌یه له شنگال.
فه‌رزاد باكور ته‌مه‌نی 30 ساڵه و خه‌ڵكی باكوری كوردستانه و به‌رپرسی گشتیی لۆجستی یه‌به‌شه‌یه له شنگال و ئه‌ندامی هه‌واڵگریی په‌كه‌كه‌یه.
هۆی كوشتنی ئه‌و دوو كارمه‌نده له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه
به‌رپرسێكی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شنگال بۆ "وشه" له‌باره‌ی هۆی كوشتنی ئه‌و دوو كارمه‌نده‌وه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه گوتی، ئه‌وان دوو ئامانجیان له‌و كاره‌دا هه‌بوو، یه‌كه‌م ویستیان فیتنه و ناكۆكی له نێوان مسوڵمان و ئێزیدییه‌كان دروست بكه‌ن و ڕووداوه‌كه بخه‌نه ئه‌ستۆی ئێزیدییه‌كان، دووه‌م ده‌یانویست ئه‌وه به ئێزیدییه‌كان بڵێن كه ژیانیان له ئارامی و ئاسایش‌دا نابێ، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌كانیان به‌ڕێوه ببات.
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا: بكوژه‌كان ده‌ست یاسا ناكه‌ون
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و كرده كوشتنانهی له ناوچه‌كانی ژێرده‌ستی په‌كه‌كه و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن، هه‌نگاوی یاسایی بۆ ناهاوێژرێ، چونكه ئه‌وان ناچنه ژێر یاسا و به ویستی خۆیان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن.
فه‌هیم عه‌بدوڵا به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، "گومان له‌وه‌دا نییه كه دوو كارمه‌نده‌كه‌ی ڕێگه‌وبانی دهۆك له‌لایه‌ن یه‌به‌شه‌وه شه‌هید كراون، به‌ڵام جێی داخه ناتوانرێ لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ بكوژه‌كان بكرێ، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ زیاتریش بێنه ناو خاكی باشووری كوردستان، بۆیه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێك نه‌دۆزرێته‌وه، بێگومان حاڵه‌تی له‌و شێوه‌یه زۆرتر ده‌بن و تاوانبارانیش ڕاده‌ستی یاسا ناكرێن".
فه‌رمانده‌یه‌كی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له شنگال ده‌ڵێت: زانیاریمان هه‌یه په‌كه‌كه پیلانی كوشتنی كه‌سانی سڤیلی داناوه، تا له‌و رێگه‌یه‌وه نائارامی دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی شنگال نه‌گه‌ڕێنه‌وه ناوچه‌كه‌یان و فیتنه له نێوان پێكهاته‌كانی شنگال دروست بكه‌ن.
نه‌وزاد هلۆری