میدیای وەرزشیی کوردی چی کردووە؟

:: PM:03:49:28/12/2021 ‌
سولین سلێمان


لەگەڵ  پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گۆرانکارییەکان و هاتنە کایەی سۆشیاڵ میدیا و میدیای ئەلکترۆنی، پێم وایە جێی خۆیەتی بپرسین، ئایا میدیای وەرزشیی ئێمە لە چ ئاست و بارودۆخێکدایە؟

دەتوانین بڵێن دۆخی میدیای وەرزشیی ئێمە، بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی رابردوودا، گەڕاوەتە دواوە،  بۆ نموونە ئەگەر ئاماژە بە پێنج ساڵ لەمەوبەر بکەین، کاتێک بارودۆخی  هەرێمی  کوردستان بە گشتی باش بوو، بەو هۆیەوە  کاریگەریی ئەرێنی بەسەر هەموو کایەکانی ژیانەوە هه‌بوو، بە تایبەتیش به‌سه‌ر میدیای وەرزشی، نموونەش بۆ ئەمە،  چەندان رۆژنامە و پاشکۆی رۆژانەی وەرزشیی هه‌بوون، بەڵام ئێسته‌  زۆربەی رۆژنامە وەرزشییەکان نەماون، تەنیا هه‌ندێكیان نەبن، کە گرنگییان بە وەرزش داوە، ئەویش لە چوارچێوەی رۆژنامەکەیە، چونکە بۆ بەره‌وپێشچوونی میدیای وەرزشی خۆمان، دەبێت  پشت بە رێکلام و سپۆنسەر ببەستین،  لە هەموو دنیادا و لە هەموو دەزگه‌کانی میدیادا پشت بە رێکلام و سپۆنسەر دەبەسترێت، بەڵام میدیا لە هەرێمی  کوردستان بێ  ئەوەی هیچ قازانجێک بکات، بەرهەمەکانی بە وەرگرەکانی دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا میدیای وەرزشیی کوردستان بەو دواییە توانیویەتی کەوا شتێکی نوێ بکات، ئەمەش وای کردووە کە بینەرانی وەرزشی زیاتر بە پەرۆش بن بۆ هەواڵەکانیان و بە تایبەت لە رووی گرنگیدان بە وەرزشی ناوخۆ و گواستنەوەی یارییەکان، کە ئەمەش وای کردووە خەڵک زیاتر گرنگی بە میدیای وەرزشی کوردی بده‌ن، چونکە سەرەڕای بوونی ئەو بارودۆخە سەختانەی کەواهەرێمی کوردستان پێیاندا تێپەریوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە رووی کوالێتی و بەرنامە و دیزاینی رۆژنامەکان و هەنگاوی باشی هاویشتووە، بە تایبەت ئەگەر باسی میدیا نوێیەکان بکەین، پێشکەوتنی زۆرباشیان بەخۆوه‌ بینیوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بێتو دەرفەت بە کەسانی شارەزا و لێهاتوو بدرێت، گومانی تێدانییە میدیا وەرزشییە کوردییەکانیش دەتوانن هاوشێوەی میدیا وەرزشییە جیهانییەکان رۆڵی خۆیان ببینن.

هەروەها  نابێت جێی پەنجەی میدیا و میدیاكاره‌ کۆنەکانیش لە بیر بکەین، چونکە ئەوانیش رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی میدیای وەرزشی ئێمە و هەر ئەوانیش بناغەکەیان داناوە.

 هه‌روه‌ها ئەگەر پرسیار بکەین، ئایا تا چەند میدیا وەرزشییەکان توانیویانە پشتگیری لە یانە و یاریزانەکانی خۆمان بکه‌ن، بێگومان دەتوانین بڵێین ئامانجی هەموو میدیایەک ئەوەیە پشتگیری تەواو لە مافەکانی یانەکان بە گشتی و یاریزانەکان بە تایبەتی بکات، لەگەڵ  ئەوەشدا بەم دواییە ئەوە سەلمێنراوە بەشێک لە میدیاکان زۆر بەدواداچوونیان بۆ یاریزانەکان کردووە، هەر ئەو میدیایانەیش بوونەتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ گەیاندنی دەنگی یاریزانەکان و یانەکان. 



وشە - وشه‌