چیرۆكی‌ رێوار.. چۆن رزگار كراوه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ سه‌رقاڵی‌ چیین؟

:: PM:06:39:28/12/2021 ‌
ئه‌و منداڵه‌ی‌ كه‌ له‌ 23ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ یه‌خته‌ نقومبووه‌كه‌ی‌ یۆنان رزگاری‌ بووه‌ و دانیشتووی‌ كۆیه‌ بوو، ده‌هێرێته‌وه‌ كوردستان. ئێسته‌ مام و خاڵه‌كانی‌ له‌ هه‌ولێر سه‌رقاڵی‌ كاری‌ ڤیزا و پاسپۆرته‌كانیان تا به‌زووترین كات بگه‌نه‌ یۆنان و ئه‌و منداڵه‌ بێننه‌وه‌.

رێوار رێبوار /ته‌مه‌ن 11/ ساڵ، له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو ماڵباته‌دا بوو كه‌ ژماریه‌ك نۆ كه‌س بوون و له‌ كۆیه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌شت به‌ره‌و ئه‌وروپا رۆیشتن، به‌ڵام 23ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ناو ئه‌و یه‌خته‌دا ده‌بن كه‌ زیاتر له‌ 70 كه‌سی‌ تێدابووه‌ و له‌ ئیجه‌دا نقوومبوو.

ئێسته‌ سه‌رقاڵین به‌ وه‌رگرتنی‌ ڤیزا تا بچین رێوار بێنینه‌وه‌ كوردستان
رێوار تاكه‌ كه‌سی‌ ناو ئه‌و نۆ هاووڵاتییه‌ی‌ سنووری‌ كۆیه‌یه‌ كه‌ له‌ دوو خێزان پێكهاتبوون، رزگاری‌ بووه‌، ئێسته‌ له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ یۆنانه‌ و له‌ژێر چاودێری‌ پزیشكدایه‌. مامی‌ ڕێوار ده‌ڵێ‌، چه‌ند جارێك پێوه‌ندیمان پێوه‌ كردووه‌، له‌وێ‌ زۆر باشه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ تووشی‌ حاڵه‌تێكی‌ ده‌روونی‌ خراپ نه‌بێت زۆر پرسیارمان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ لێ‌ نه‌كردووه‌.

له‌كاتی‌ ئاماده‌كردنی‌ ئه‌و هه‌واڵه‌دا، كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ رێوار له‌ هه‌ولێر سه‌رقاڵی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ ڤیزان تا فریای‌ بكه‌ون و بهێننه‌وه‌ كوردستان،  رێكان عه‌وڵا مامی‌ رێواره‌ و بۆ "وشه‌" گوتی‌، ئێسته‌ سه‌رقاڵین به‌ وه‌رگرتنی‌ ڤیزا تا بچین رێوار بێنینه‌وه‌ كوردستان.

زیاتر گوتی‌، هێشتا سه‌ره‌داوی‌ هیچ كه‌سێكی‌ ترمان له‌و نۆ كه‌سه‌ به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ رێوار بوون و ته‌واوی‌ ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌یش دیارنین، به‌ڵام به‌ قسه‌ی‌ رێوار هه‌موویان خنكاون.

مامی‌ رێوار ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ كرد، نایانه‌وێ‌ له‌ ڕێی‌ پێوه‌ندی‌ ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ هه‌موو پرسیارێك له‌ رێوار بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ تووشی‌ حاڵه‌تێكی‌ ده‌روونی‌ نه‌بێت و زۆر قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین ئه‌وكاته‌ كه‌ ده‌یهێنینه‌وه‌ كوردستان.

له‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆوه‌، ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌ كه‌ چه‌ند وڵاتێك ره‌زامه‌ندیان نیشانداوه‌، رێوار رێبوار منداڵه‌ ته‌مه‌ن 11 ساڵه‌كه‌ وه‌ك په‌نابه‌ر وه‌رگرن و مۆڵه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌ وڵاته‌كانیاندا بده‌نێ‌، به‌ڵام مامی‌ ده‌ڵێ‌، نه‌خێر، هیچ شتێكی‌ وا له‌ ئارادا نییه‌، به‌ڵكو بڕیارمانداوه‌ كه‌ رێوار بهێنینه‌وه‌ كوردستان و خۆیشی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌وێ‌.

چیرۆكی‌ رزگاربوونی‌ ئه‌و منداڵه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌و چیرۆكانه‌ی‌ كه‌ مرۆڤ ناچار بكات به‌رده‌وام چاودێری‌ بكات و تا كۆتایی له‌گه‌ڵی‌ بڕوات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ پاڵه‌وانی‌ چیرۆكه‌كه‌یه‌ خۆی‌ نیگه‌رانه‌ كاتێك ده‌بینی‌ ته‌نیا خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌به‌رچاویدا نقومبوون.



وشە - وشه‌