بەرگری شارستانی: تیمەکانمان لە گەڕان بەدوای تەرمی منداڵ و شوانەکە بەردەوامن

:: AM:10:30:30/12/2021 ‌
هێشتا تیمەکانی بەرگری شارستانی و خەڵکی خۆبەخش لە گەڕان بە دوای تەرمی ئەو دوو کەسە بەردەوامن کە بەهۆی لافاو بوونە قوربانی.

رائید سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ''وشە'' ئاشکرای کرد تیمەکانیان هێشتا لە بەدواداچوون و گەڕان بۆ دۆزینەوەی هەر دوو تەرمی لافاوەکەی ئەم دواییە بەردەوامن.

تیمەکانی بەرگری شارستانی لە عەوێنە بەدوای تەرمی قوربانییەکەدا دەگەڕێن و لە دۆزینەوەی نائومێد نەبوون.


ئەو ئاماژەی دا ئەمڕۆ پێنجشەمیش کە دەکاتە 30 کانوونی یەکەم، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە عەوێنە بەدوای تەرمی  قوربانییەکەدا دەگەڕێن و لە دۆزینەوەی نائومێد نەبوون.

جێی باسە ئەو دوو تەرمەی تیمەکان بەدوایاندا دەگەرێن یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 10 مانگە و ئەوەی تریان شوانێکی گەنج بووە و هەر لە دوای لافاوەکە بێ سەروشوێنە و گومان دەکرێت هەر لەگەڵ مەڕەکانی، ئەویش خنکابێت بەڵام جەستەی بێ گیانی هێشتا نەدۆزراوەتەوە.

منداڵەکەش لە باوەشی باوکی بووە کاتێک شەپۆلی بەهێزی لافاو دەیخاتە خوارەوە و باوکی ناتوانێت منداڵەکەی رزگار بکات و لە پێش چاوانی ون دەبێت. رووداوێک کە هەژێنەرترین حاڵەتی قوربانی لافاوی رابردووی چەند گەڕەکێکی هەولێر و دارەتوو و قوشتەپە بوو.


وشە - سلێمان تاشان