له یاریی پێش كۆتایی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا، یانه‌ی ریال مه‌درید له یانه‌ی بارسێلۆنای برده‌وه و خۆی گه‌یانده یاریی كۆتایی.
یارییه‌كه ئه‌مشه‌و "چوارشه‌م 12ی كانوونی دووه‌م" له سعوودیه كرا و تێیدا ریال مه‌درید و بارسێلۆنا یه‌كێك له یارییه به‌هێزه‌كانی نێوانیان پێشكه‌ش كرد، كه ده‌مێك بوو هانده‌رانی وه‌رزشی یارییه‌كی كلاسیكۆی وا به‌هێزیان نه‌بینیبوو.
له ئه‌نجامیشدا ریال مه‌درید به ئه‌نجامی 3-2 گۆڵ یارییه‌كه‌ی برده‌وه و بلیتی یاریی كۆتایی به‌ده‌ست هێنا.
كاتی ئاسایی یارییه‌كه به 2-2 گۆڵ كۆتایی هات، كه گۆڵه‌كانی ریال مه‌درید ڤینیسیۆس جۆنیۆر و كه‌ریم بنزێما له خوله‌كه‌كانی 25 و 72 تۆماریان كرد، گۆڵه‌كانی بارسێلۆنا لوك دی یۆنگ و ئانسۆ فاتی له خوله‌كه‌كانی 41 و 83 تۆماریان كرد.
یارییه‌كه ئاستێكی به‌هێزی هه‌بوو، دوور بوو له پێشبینییه‌كان، به تایبه‌تی بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا، كه به شێوه‌یه‌كی به‌هێز یاریی كرد.
یارییه‌كه له كاتی ئاسایی‌دا به یه‌كسانی كۆتایی هات و چووه كاتی زیاد كراوه‌وه.
له ده‌ستپێكی كاتی زیادكراوی یه‌كه‌م و له خوله‌كی 98دا دوای زنجیره پاساتێكی ریال مه‌درید، فرێدریكۆ ڤالڤێردی، كه وه‌ك یه‌ده‌گ به‌شداریی یارییه‌كه‌ی كرد، گۆڵی سێیه‌م و بردنه‌وه‌ی بۆ مه‌درید تۆمار كرد.
له به‌رانبه‌ردا یاریزانانی بارسا فشاری زۆریان كرد بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كه و هه‌وڵی زۆریان دا، به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌نجامه‌كه راست بكه‌نه‌وه، له دواخوله‌كی یارییه‌كه‌شدا رۆدریگۆی هێرشبه‌ری ریال به ته‌نیا له‌گه‌ڵ گۆڵپارێزی بارسا "تێرشتیگن" مایه‌وه، به‌ڵام تۆپه‌كه‌ی بۆ ده‌ره‌وه لێدا، كه له‌گه‌ڵیدا ناوبژیوانیش یارییه‌كه‌ی به بردنه‌وه‌ی ریال مه‌درید به 3-2 گۆڵ كۆتایی پێ هێنا.
ریال مه‌درید گه‌یشته یاریی كۆتایی و چاوه‌ڕێی براوه‌ی یاریی نێوان ئاتلێتیكۆ مه‌درید و ئاتلێتیك بیلباو ده‌كات، كه سبه‌ی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن.
بۆ جاری دووه‌مه ركابه‌رییه‌كانی جامی سوپه‌ری ئیسپانیا له سعوودیه به‌ڕێوه ده‌چن و یاریی كۆتایی ئه‌مجاره‌ش یه‌كشه‌می داهاتوو به‌ڕێوه ده‌چێت.