بەغدا.. باڵوێزخانەی ئەمەریكا بە سێ مووشەك كرایە ئامانج

:: PM:08:42:13/01/2022 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم دەوروبەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ناوچەی سەوزی بەغدا بە سێ مووشەك كرایە ئامانج، مووشەكەكان لە ناوچەی كەرارەی سەر بە شارۆكەی دۆرە لە باشووری بەغدا هەڵدرابوون، ئەو هۆیەیشەوە دوو هاووڵاتی لە كۆمەڵگەی قادسییە بریندار بوون.

جیا لەوەی تۆماری ڤیدیۆی بەرگری ئاسمانی سیرامی سەر بە باڵوێزخانەكە بڵاو كرایەوە، كە هەوڵی تێكشكاندنی مووشەكەكانی داوە، سەرچاوە تەناهییەكان ئاماژەیان كرد كە ژمارەی مووشەكەكان سێ مووشەك بووە، یەكێكیان لەلایەن سیستمی سیرامی بەرگری ئاسمانی ئەمەریكا تەقێنراوەتەوە.
ئەمەریكا سەرقاڵی پەرەپێدانی سیستمێكی بەرگری ئاسمانییە بتوانێت رووبەڕووی درۆن و مووشەكی بالیستی و كاتیۆشا ببێتەوە
بەپێی زانیارییەكان دوو مووشەكەكەی تر لە كۆمەڵگەی قادسییە كەوتوونەتەوە، یەكێكیان لەناو دەریاچەیەك و ئەوەی تریش بووەتە هۆی برینداربوونی ژن و منداڵێك.

هاوكات رۆژنامەی "ئاسیا تایمز"، ئاماژەی كردووە كە لە ماوەی ئەم مانگەدا مووشەكێكی نهێنی ئەمەریكی بۆ تێكشكاندنی درۆنەكانی لە نزیك بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق بەكار هێنراوە، بەڵام تا ئێستە پنتاگۆن باسی ئەو جۆرە چەكەی نەكردووە كە هێزەكانی ئەمەریكا بەكاریان هێناوە.

بەپێی رۆژنامەمەكە، لە یەكەم هەفتەی ئەمساڵدا سێ درۆن هەوڵی هێرشكردنیان بۆ سەر عەین ئەسەد داوە، هاوكات لەگەڵ دووەم ساڵوەگەڕی كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، سەرەتا وا دەركەوت ئەو درۆنانە لەلایەن سیستمی مووشەكی (سی رام)ەوە تێكشكێنرا بن، بەڵام لە ڤیدیۆكەدا دەركەوتووە، یەكێك لە درۆنەكان لە رێگەی مووشەكێكەوە كراوەتە ئامانج.

راپۆرتەكە ئاماژەی كرد كە سوپای ئەمەریكا سەرقاڵی پەرەپێدانی سیستمێكی بەرگری ئاسمانییە، بتوانێت رووبەڕووی درۆن و مووشەكی بالیستی و كاتیۆشای كورت مەودا ببێتەوە.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل