خێزانیكی كورد لە یۆنان خنكان

:: AM:08:49:14/01/2022 ‌
خێزانێكی كورد لە ئاوەكانی وڵاتی یۆنان دەخنكێن، كە ژن و مێردێكن و خەڵكی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانن.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردووەتەوە، تەرمی ژن و مێردێكی گەنجی خەڵكی مەریوان بە ناوەكانی جەلیل ڕەوانگەرد تەمەن /34 ساڵ/، سومەیە جامخانە تەمەن /28 ساڵ/ لە كاتی ڕۆشتن بۆ ئەورووپا و لە یەكێك لە ڕووبارەكانی دوورگەی سیریسی یۆنان خنكابوون دۆزرایەوە.

برایەكی ژنە خنكاوەكە ڕای گەیاندووە، شەوی ڕابردوو كاتێك ویستوویانە لە شاری سالۆنیك بەرەو ئاتن بڕۆن، لەكاتی پەڕینەوە لە ڕووبارێك بە هۆی نائاشنا بوون بە جوگرافیای ناوچەكە و  تاریكی شەو، خۆشكەكەم توانای ڕۆشتنی نەماوە و ئاوی ڕووبارەكە لەگەڵ خۆی بردی.

باسی لەوەش كردووە، دوای خنكانی خوشكەكەم زاواكەشمان بەشوێنیدا ڕۆشتووە و هەردوویان گیانیان لە دەستدا و تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە.

لە ساڵی ڕابردوو تا ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان 10 هاووڵاتی لەكاتی چوونیان بۆ ئەوروپا خنكاون و چەندان هاووڵاتیش لە وڵاتان دەستبەسەرن و بەشێكیشیان چارەنووسیان نادیارە.





وشە - رامیار جەواد