ئۆتۆمبێلەكە دوای لێدان لە سەرۆكی كۆمەڵەی ژین كە لەسەر عەرەبانەی كەمئەندامان بووە، هەڵاتووە و بە برینداری بەجێی هێشتووە.
ئەمڕۆ شەموو 15تی كانوونی دووەم، مەسعوود ئەنوەر سەرۆكی كۆمەڵەی ژین، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئۆتۆمبێلێك دوای لێدانم لەسەر عەرەبانەكەم، هەڵاتووە و بە برینداری بەجێی هێشتم.
زیاتر گوتی، داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و هێزەكانی ئاسایش دەكەم بە زووترین كات ئەو كەسەی بە ئۆتۆمبێل لێی دام، بیگرن و بە سزای یاسایی بگەیەنن.
ئەو ڕووداوە لە ڕۆژی چوارشەم لەسەر شەقامی 100 مەتری ڕووی داوە، تا ئێستە خاوەن ئۆتۆمبێلەكە نەگیراوە، كە ئەو كەمئەندامەی بە برینداری لەسەر شەقام جێهێشتووە و زیانێكی زۆر بەر سەری گەیشتووە.
كۆمەڵەی ژینی كوردستان بارەگای سەرەكی لە هەولێرە، كارەكانیان تایبەتە بە كەمئەندامانی دەست و پێ و خزمەتگوزاری پێشكەشی كەمئەندامان دەكەن، لە ڕابردووشدا بۆ داواكاری كەمئەندامان، بەدەیان گردبوونەوە و داواكارییان پێشكەشی لایەنی پێوەندیدار كردووە.