نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ڕێكارەكانی ناردنی 200 ملیار دینارەكەی عێراق بەپێی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بەردەوامە، بەمنزیكانە ئەو پارەیە دەگات.
ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی كانوونی دووەم، فارس عیسا نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕێكارەكانی ناردنی 200 ملیارەكە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە كە بۆ مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردووە.
زیاتر گوتی، پێشبینی دەكرێ لە كۆتایی ئەو هەفتەیە، ئەو ڕێكارانە تەواو بكرێن و ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری.
بەهۆی پشووی سەری ساڵ، ڕێكارەكانی ناردنی ئەو 200 ملیارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەولێر دواكەوتووە، ئێَستە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی ناردنی داوە و تەنیا ڕێكارە ئیدارییەكانی ماوە لە وەزارەتی دارایی تەواو بێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی تایبەت بە "وشە" دراون، پێشبینی دەكرێ ڕۆژی چوارشەم یان پێنجشەم ئەو بڕە پارەیە بخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەگەر هیچ گرفتێك دروست نەبێت.
هەولێر و بەغدا لە ساڵی 2021 ڕێككەوتنێكان كردووە، مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، تا بەدواداچوون و لیژنە هاوبەشەكانی نێوانیان لە چاودێری دارایی وردبینی تەواو لە دۆسیەكانی نەوت و داهاتەكان تەواو دەبن.