بیرۆكەی كوشتنی قاسم سلێمانی هی كێ بوو؟

:: PM:07:42:16/01/2022 ‌

لە 3ی كانوونی دووەمی 2020 قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران بە هاوەڵی ژمارەیەك گەورە ئەفسەری سەربازی ئێران و حەشدی شەعبی عێراقی لەوانەیش ئەبو مەهدی موهەندیس، لە رێگەی درۆنێكی ئەمەریكی لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كوژران، تا ئێستەیش رووداوەكە چەند لایەنێكی شاراوەی هەر ماوە، بەڵام بیرۆكەی كوشتنی هی كێ بوو؟

مایك پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریكا لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی "فۆكس نیوز"، دووپاتی كردەوە كە كوشتنی سلێمانی بۆ ئەمەریكییەكان پێویست بوو، ئاشكرای كرد كە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی گیانی سەربازانی ئەمەریكا لە عێراق ئەو بووە داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كردووە ئەو كارە بكەن.  
ئەگەر پارەی دەست بەسەرداگیراوی ئێران ئازاد بكرێت، تۆڕە تیرۆریستییەكەی فرەوانتر دەكات
زیاد لەوەیش پۆمپیۆ لە دیدارەكە داوای لە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستەی ئەمەریكا كرد گفتوگۆ لەگەڵ رژێمێك رەت بكەنەوە كە هەڕەشەی ئاشكرای كوشتن لە ترەمپ دەكەن بەهۆی كوژرانی سلێمانی، وریاییشی دا بەوەی ئەگەر دەستگرتن بەسەر پارەی ئێران هەڵبوەشێتەوە، ئەو وڵاتە تۆڕ تیرۆریستییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا فرەوانتر دەكات، ئەوەیش هەڵەیەكی گەورەیە و هەڕەشە لە ئیسرائیلی هاوپەیمانمان دەكات.  

پۆمپیۆ روونی كردەوە كە ئێران تۆمارێكی ڤیدیۆیی كارتۆنی لە پێگەی فەرمیی عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئێران بڵاو كردووەتەوە و تیایدا دۆناڵد ترەمپ لەكاتی یاری گۆلفدا دەكرێتە ئامانج.

دوێنێ 15ی كانوونی دووەم ماڵپەڕی تویتەر پێگەی فەرمی رابەری شۆڕشی ئێرانی بەهۆی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیی گریمانی بۆ كوشتنی ترەمپ داخست، تۆمارەكە شەوی 12ی ئەم مانگە بڵاو كرایەوە، كە ترەمپ لە كاتی یاری گۆلف لە ویلایەتی فلۆریدا دەكرێتە ئامانجی درۆنێكی ئێرانی، وەك تۆڵەسەندنەوە لە كوشتنی قاسم سلێمانی، كە بە فەرمانی ترەمپ كوژرا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل