كاریگەری كۆرۆنا لەسەر ئەوانەی بە سووكی تووشی دەبن چییە؟

:: PM:08:25:19/01/2022 ‌

تا دێت زانیاری زیاتر لەسەر كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر مرۆڤ دیار دەكەوێت، دەركەوتنی تیرەی نوێی ڤایرۆسەكە وای كرد نیشانەی نوێی تووشبوون دەربكەوێت، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ماوەی دەركەوتنی، كە دەچێتە ناو سێیەم ساڵییەوە، زانیاری زیاتر لە سەر كاریگەرییەكانی لەسەر مرۆڤ دەردەكەوێت، لەوانەیش ئەوانەی بە سووكی تووشی دەبن لە زیانەكانی پارێزراو نین.
دوای شەش بۆ نۆ مانگ دۆخیان باشتر بووە و گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی
توێژینەوەیەكی زانكۆی ئۆكسفۆردی بەریتانی باسی ئەوەی كردووە كە ئەوانەی نیشانەی سووكی تووشبوونیان بەو ڤایرۆسە هەبووە، دەكرێ بەدەست شێوانی هۆشیاری و تەركیزكردن بۆ ماوەی شەش بۆ نۆ مانگ دوای تووشبوون بناڵێنن. واتە ئاڵۆزی و مشەوەشی بیركردنەوە و لەیادكردن و بێهێزی.

لەو توێژینەوەدا ژمارەیەك لەوانەی بە سووكی تووشی كۆرۆنا بوون بەشداریان پێ كرا و خرانە بەر تاقیكردنەوەی یادكردنەوە و مێشك، دەركەوت ئاستی بیرهاتنەوەیان بۆ ئەزموونی خۆیان لە رابردوو خراپ بووە، واتە یادەوەریان لاواز بووە، ئەوەیش بۆ ماوەی دەگاتە شەش مانگ دوای تووشبوونیان. جیا لەوە تووشی كەمیی هۆشیاربوونەوە بۆ ماوەی نۆ مانگ دوای تووشبوون هاتوونەتەوە.

توێژەران دەڵێن ئەو كەسانە دوای شەش بۆ نۆ مانگ دۆخیان باشتر بووە و گەڕاونەتەوە دۆخی ئاسایی، ئەوەیش دوای ئەنجامدانی هەمان تاقیكردنەوەی پێشوو بۆیان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل