ئەو خۆراكانەی خەوزڕان دروست دەكەن

:: PM:08:49:19/01/2022 ‌

خەو یەكێكە لە سات و قۆناغە گرنگەكانی ژیانی مرۆڤ، ئەوانەی خەوێكی تەندروست و قووڵیان هەیە، رۆژێكی چالاك و تەندروستیان دەبێت، شارەزایەكی خۆراكی رووسی لە باسی خەوزڕاندا دووپاتی كردەوە، كە رەنگە خواردنی هەندێك جۆر خۆراك ئەو حاڵەتە دروست بكەن.

یلینا كالین، شارەزای بواری خۆراكی رووسی ئاماژەی كرد كە كەمی و ناڕێكی نوستن بە شێوەیەكی بەردەوام دەبێتە هۆی لاوازیی سیستمی بەرگری لەش و كەلەكەبوونی چەوری لە لەش و خراپی تەندروستی، جیا لەوە ئەو كەسانە هەست بە ماندووبوون و زوو توڕەبوون دەكەن، زۆرجاریش ئەوان زیاتر خۆراك دەخۆن و كێشیان زیاد دەكات.
رێژەی هۆرمۆنی ئەدرنالین زیاد دەكەن و خەو تێك دەچێت
وەك ئەو شارەزایە ئاماژەی بۆ كرد، دەكرێ هۆكاری ئەو خەوزڕانە هەندێك جۆر خۆراك بێت وەك گۆشتی برژاو و تەماتە و باینجان و خۆراكی لەقووتوونراو و تورشیات و ئەفۆگادۆ و پەنیری شین.

زیاتر گوتی، ئەو خۆراكانە بڕێكی زۆری ترشی ئەمینی تیرانینیان تیادایە، كە لەناو لەشدا بۆ هۆرمۆنی ئەدرنالین دەگۆڕێت، كە لە كاتی دەمارگیریدا رێژەكەی زیاد دەكات، بۆیەیش ئەو كەسە هەست بە ورووژان دەكات و خەوی تێك دەچێت.  

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە كە وا باشترە بەر لە نوستن ئەو خۆراكانە نەخورێن كە هانی میزكردن دەدەن، وەك كەرەوز.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل