دوو بۆمب لە بەسرە تەقینەوە

:: AM:10:09:20/01/2022 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەسرە رای گەیاندووە، لەڕێی دوو بۆمبی دەستكردی ناوخۆییەوە، دوو شوێنی جیاواز لە بەسرەی باشووری عێراق كرانە ئامانج. بەڵام وەك سەرچاوەكە روونی كردووەتەوە كە زیانی گیانی نەبووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، یەك لە بۆمبەكان لە نزیكی كۆمپانیای "تەعز" تەقیوەتەوە كە كۆمپانیاكە تایبەتە بە پارێزگاری لە ناوچەی "مناوی باشا".

زیاتر گوتوویەتی، بۆمبی دووەمیشیان لە نزیكی بانكی "ئیتمنانی ئیسلامی" لە شەقامی ئیستقلال لە ناوەندی بەسرە تەقیوەتەوە.

بەڵام بەپێی گوتەی سەرچاوەكە، تەقینەوەكان زیانی گیانیان بەدواوە نەبووە و تەنیا زیانی ماڵی هەبووە. هاوكات لایەنە پێوەندیدارەكان خەریكی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانن.

لەوەتەی هەڵبژاردنی عێراق بەكۆتا هاتووە و لایەنە براوەكان كە پێكدێن لە رەوتی سەدر، لایەنەكانی سوننە و پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەوڵدان حكوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێكبێنن. لە بەرانبەردا هێزە جیاوازەكانی شیعە بەناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە بە لایەنە دۆڕاوەكان هەژمار دەكرێن، داوا دەكەن حكوومەتی سازان بێتە پێكهاتن، بۆیە تا ئێستە لە كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوولا، نەگەیشتوونەتە ئەنجام.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د