واشنتن جارێكی تر هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێكردووه‌ته‌وه، بۆ سه‌ره‌تای گه‌ڕێكی تری دانوستاندن له‌لایه‌ن دوو لایه‌نه ناكۆكه‌كه‌ی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، ده‌یه‌وێ دانوستاندنه‌كان چالاك ببنه‌وه و گرێبه‌ست و ڕێككه‌وتنێكی گشتگیر له نێوان هه‌ردوولا واژووی له‌سه‌ر بكرێ و دۆخی ناوچه‌كه ئاسایی بكرێته‌وه و ناوچه‌یه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بۆ كورده‌كان له داهاتووی سووریا مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵام به مه‌رجێك ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه بێلایه‌ن بێ و نه‌ك ببێت به مۆڵگه‌ی دوژمنایه‌تی توركیای هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا له هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی "ناتۆ" ئه‌وه‌ی له واقیعیش ڕوو ده‌دات سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه په‌یه‌ده و هێزه‌كانی هه‌سه‌ده له‌و جۆره دانوستاندنانه و له ده‌ست ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕا ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ كاتی زیاتر ده‌ستبخه‌ن و تا له‌و ده‌رفه‌ت و ئۆفه‌رانه‌ی مۆسكۆ و دیمه‌شق دڵنیا ببنه‌وه و دواجاریش به ئاراسته‌ی دیمه‌شق هه‌نگاو بنێن، به‌ڵام ئاماده نه‌بن له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانیان ئاشت ببنه‌وه.
هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی واشنتن بۆ هه‌سه‌ده، وه‌ك شاده‌ماری ژیان وایه
ماتیۆ بیرل نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ناوچه‌كانی باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا به چڕی ده‌ستی به جموجۆڵ كردووه‌ته‌وه، تا جارێكی تر دانوستاندن و دانیشتنه‌كانی نێوان ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كورد له سووریا و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات چالاك بكرێنه‌وه و هه‌سه‌ده‌یش ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌و نێوه‌نده بگێڕێت، به حوكمی ئه‌وه‌ی هه‌سه‌ده له ڕێی هێزه سه‌ربازییه‌كانه‌وه توانای سه‌پاندنی هه‌ژموونی به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه هه‌یه، به‌ڵام هه‌سه‌ده نایه‌وێ ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێت و هه‌میشه بێلایه‌نانه خۆی ده‌هێڵێته‌وه، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئامانجی ئه‌مه‌ریكا بریتییه له نه‌هێشتنی ده‌ستی په‌كه‌كه له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه پارتی یه‌كێتی دیموكرات "په‌یه‌ده" كه به باڵی په‌كه‌كه له سووریا هه‌ژمار ده‌كرێ، ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كۆنتڕۆڵ كردووه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ئه‌مه‌ریكا وه‌ستاوه‌ته‌وه، كه ناوچه‌یه‌كی ئارام و بێلایه‌ن و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر بۆ كورده‌كان له سووریا دروست بكات، كه نه كێشه و دوژمنداری له‌گه‌ڵ دیمه‌شق و نه له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌یش هه‌بێت، ئه‌مه‌یش باشترین چاره‌سه‌ره بۆ مانه‌وه‌ی هه‌ژموونی كورد به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه و جێگیركردنی مافه‌كانی كورد له داهاتووی سووریا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای پیرۆزی و گرنگی ئه‌و ئامانجه، كاتێك كه بێ بوونی په‌كه‌كه بێت، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه په‌یه‌ده هه‌موو تواناكانی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ تا شكست به هه‌وڵه‌كان و دانوستاندنه‌كان و پێشڤه‌چوونه‌كان بهێنێت.
ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ هه‌سه‌ده به ته‌واوی له هه‌رێمی كوردستان نزیك بكاته‌وه و هه‌ژموونی په‌كه‌كه‌ی به‌سه‌ردا نه‌هێڵێت، چونكه هه‌رێمی كوردستان بۆ گه‌یاندنی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی واشنتن بۆ هه‌سه‌ده، وه‌ك شاده‌ماری ژیان وایه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌مه هه‌م له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكایه هه‌م له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌سه‌ده، به‌ڵام په‌كه‌كه دژی ئه‌و جۆره هه‌وڵانه وه‌ستاوه‌ته‌وه، بۆیه له ماوه‌ی ڕابردوو شوێنكه‌وتووانی بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه‌یه‌ك بوونی هه‌بێت، هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ده‌روازه‌ی سێمالكا له دیوی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كان بۆ خاڵی سه‌ره‌تا بگێڕنه‌وه و ڕێگری له پێشڤه‌چوونه‌كان بكه‌ن.
له هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه نێرده‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌نه‌كه‌سه و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات جارێكی تر كۆبووه‌ته‌وه، به ئامانجی نه‌هێشتنی كۆسپه‌كان و دووباره چالاككردنه‌وه‌ی دانوستاندنه‌كان، ئه‌مه‌یش دوای ئه‌و فشارانه‌ی ئه‌مه‌ریكا دێ كه له‌سه‌ر هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده" دروستی كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته به‌شێك له‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی كه ڕووسیا خستوویه‌تییه ڕوو، تا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بكه‌وێته گفتوگۆ و دانوستاندنه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه په‌یه‌ده و په‌كه‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سپێشخه‌ری و هه‌وڵه‌ی ڕووسیان و هه‌نگاونان به‌ره‌و دیمه‌شق و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ڕژێمی ئه‌سه‌د به گرنگتر و باشتر ده‌زانن، به به‌راورد به گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ برا كورده‌كانیان و نه‌هێشتنی كێشه و ناكۆكییه‌كانی نێوانیان و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده، به ئامانجی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو ئاراسته‌یه هه‌سه‌ده له به‌رده‌م دووڕیانێكدایه
بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو ئاراسته‌یه هه‌سه‌ده له به‌رده‌م دووڕیانێكدایه كه پڕه له سیناریۆی قورس و پڕ له لێكه‌وت و كاریگه‌ری له داهاتوو، له‌لایه‌كه‌وه پرۆژه‌ی ئه‌مه‌ریكی ئه‌و هێزه هان ده‌دات، كه دووباره په‌یكه‌ری كارگێڕی و ده‌سه‌ڵاتداری له ڕۆژئاوا دابڕێژرێته‌وه و به ته‌واوی ده‌ستی په‌یه‌ده و په‌كه‌كه له نێو جومگه هه‌ستیاره‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌و ناوچه‌یه دوور بخرێته‌وه، له به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره‌یش دا، ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین كۆمه‌كی دارایی و ئابووری پێشكه‌ش به‌و ناوچانه ده‌كات. له‌لایه‌كی تریش ده‌سپێشخه‌ری ڕووسیا بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق به بڕوای هه‌سه‌ده كۆتایی به پرۆژه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكرات له سووریا ده‌هێنێت، له‌و نێوه‌نده‌یش دا ده‌یه‌وێ بژاره‌ی سێیه‌م بدۆزێته‌وه و پێڕه‌وی ببكات، كه ئه‌ویش مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا بۆ به‌ده‌ستهێنانی كاتی زۆرتر و جێگیركردنی زیاتری هه‌ژموون و هێز به‌سه‌ر ناوچه‌كه و سوود وه‌رگرتن له هاوكارییه‌كانی ڕووسیا و دیمه‌شق و ئه‌مه‌ریكا تا به تایبه‌ت له ڕووی ئابوورییه‌وه كه یه‌كێكه له گرفته گه‌وره‌كانی به‌رده‌م خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراست هه‌نگاوی گه‌وره بهاوێژێت.