له سنووری ئیداره‌ی سۆران، به‌هۆی شه‌پۆلی به‌فر و سه‌رما و سۆڵه، هاووڵاتییان و رێكخراوه‌كانی ژینگه، وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆیی خواردن و دانه‌وێڵه بۆ ئاژه‌ڵ و باڵنده كێوییه‌كان داده‌نێن .
هه‌ژار ماهیر ئێدلبی به‌رپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه، به "وشه"ی راگه‌یاند، ڕاسته پێدانی بژێوی له ده‌ست خوایه، به‌ڵام وه‌فاداری مرۆڤ بۆ مرۆڤ و مرۆڤ بۆ ئاژه‌ڵیش گرنگه بۆ به‌رده‌وامیدان به ژیانێكی جوانتر، بۆیه وه‌ك ستافی ڕێكخراوی وار و دۆستانی ژینگه‌پارێز، له هه‌ڵمه‌تێكی ئاژهڵدۆستیدا خواردنیان به ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان گه‌یاند.
ئه‌و روونی كرده‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به ده‌یان كیلۆمه‌تریان بڕی و خۆراك و نان و دانه‌وێڵه‌یان به شوێنی ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان و باڵنده‌كان گه‌یاند.
چاوه‌ڕێی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره كێوییه‌كان له چیا سه‌خته‌كان ده‌كرێت
به هۆی هاتنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه و كاریگه‌ریی شه‌پۆلێكی به‌فر و باران، به هاتنی یه‌كه‌م به‌فر چاوه‌ڕێی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره كێوییه‌كان له چیا سه‌خته‌كان ده‌كرێت. ئاژه‌ڵه‌كان دێنه نزیك ئاوه‌دانی و گوند و دێهاته‌كان، چونكه خۆراكیان له ناو به‌فردا ده‌ست ناكه‌وێ.
''خۆشبه‌ختانه هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافی ده‌ڤه‌ری سۆران و بارزان و باڵه‌كایه‌تی و برادۆست، به هه‌بوونی چه‌ندان چیای سه‌خت و كوێستان و دارستان، وایكردووه ژماره‌یه‌كی زۆر باڵنده و ئاژه‌ڵی كێوی له‌م ناوچانه‌دا بژین. وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆڤایه‌تی له‌كاتی زیادبوونی خواردن له‌سه‌ر سفره و خوانمان، ئه‌و خواردنانه‌ی یان ئه‌و خواردنه‌ی ناتوانین دووباره بیخۆینه‌وه، تكایه فڕێی نه‌ده‌ن و له شوێنی گونجاوی دابنێن تا ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی بتوانن پێی بگه‌ن، چونكه له وه‌رزی به‌فر و سه‌رما ده‌ستكه‌وتنی خواردن ئه‌سته‌م ده‌بێت بۆیان.'' هه‌ژار ماهیر وای گوت.
جێی باسه جیا له ڕێكخراوه‌كانی ژینگه، هاووڵاتییان له سه‌نته‌ری شار و شارۆكه‌كانی ئیداره‌ی سۆران، هه‌ڵمه‌تی دانانی خۆراك و دانه‌وێڵه‌ی وه‌ك گه‌نم و بڕووش و خۆراكی تریان له سه‌ربان و حه‌وشه و شوێنه دوورده‌سته‌كان ده‌ست پێ كردووه.
سۆران \موڕشید برادۆستی