زێرابەكانی هەولێر هەموو شتێكیان تێدەكرێ‌

:: AM:11:01:21/01/2022 ‌
فەرمان خەلیل بەڕێوەبەری شارەوانی و ژینگەپارێزی هەولێر، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"، باس لە پرۆسەی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك دەكات. بەگوتەی ئەو رۆژانە دوو هەزار تۆن زبڵ لە هەولێر كۆ دەكرێتەوە و لەكاتی پاككردنەوەی زێرابەكانیش، دەیان پارچە بلۆك و تایە لەناو زێرابەكان دەرهێنراون.

لە هەڵمەتەكانی پاككردنەوە لە زێرابەكان چی دەرهێنراون؟

بەشێوەیەكی بەردەوام ڕۆژانە و هەفتانە هەڵمەتی خاوێنكردنەوە ئەنجام دەدەین، بەداخەوە بەشێك لە هاووڵاتییان زبڵ و پاشماوەكانیان فڕێ دەدەنە ناو مەنهۆڵەكانیان، كە پێكهاتوون لە دەبەی ئاو، كەرتە بلۆك، دار و كۆنكرێتمان لەناو مەنهۆڵەكان دەرهێناوە، زۆرجاریش ئەوانە بوونەتە هۆكاری گیرانی مەنهۆڵەكان.

هەڵمەتەكانی پاككردنەوە چەندان جار ئەنجام دەدرێن؟
ساڵانە پێش وەرزی بارانبارین، سەرجەم مەنهۆڵەكان پاك دەكەینەوە و هەڵمەتی فراوان ئەنجام دەدەین، سەرجەم خاشاكەكان پاك كراونەتەوە، بەڵام خەڵكانێك هەن شوێنەكانیان پاك ناكەنەوە، زبڵەكان لە مەنهۆڵ یان نزیك مەنهۆڵەكان رۆ دەكەن، ئەوەیش بووەتە هۆی كۆبوونەوەی ئاو، لە چەندان شوێن ئەوە هۆكاری كۆبوونەوەی ئاو بوو، بەشێوەیەكی بەردەوام ئێمە سەرقاڵی پاككردنەوەی مەنهۆڵەكانین، چەندان هەڵمەتی جیاوازمان ئەنجام داوە و تیمەكانی شارەوانی بەردەوام ڕۆژانە سەرقاڵی پاككردنەوەی ناو مەنهۆڵەكان و سەرە مەنهۆڵەكانن، بەڵام فڕێدانی پاشماوەكان كە دواتر باران دەبارێ‌، دەچێتە ناو مەنهۆڵەكان و سەرە مەنهۆڵەكان دەگرێت، ئەوە كێشەیەكی بەردەوامە.

بەشێك لەسەرە مەنهۆڵەكان نەماون كراونەتەوە، بۆ ئێوە نەبووەتە كێشە؟
دزینی سەرە مەنهۆڵەكان كێشەیەكی ترە، هەرچەندە سەرە مەنهۆڵەكان پێوەندیی بە ئاو و ئاوەڕۆكان هەیە، بەڵام كاتێك سەرەمەنهۆڵێك دەدزرێ‌، ئەوا زبڵ و خاشاكەكان كۆ دەبنەوە و زیاتر دەچنە ناو مەنهۆڵەكە و دەبێتە هۆی گرتنی سەرە مەنهۆڵەكە، زۆرجار بەهۆی دزینی سەرە مەنهۆڵەكان، بووەتە هۆی چوونی بلۆك و تایەی ئۆتۆمبێل بۆ ناو مەنهۆڵەكان، ئەوەیش گرفتێكی ترە و بووەتە شتێكی بەربڵاو، خەڵكانێكی نابەرپرس ئەو سەرە مەنهۆڵانە دەبەن.

ڕۆژانە چەند زبڵ و خاشاك لە هەولێر كۆ دەكرێتەوە؟
تیمەكانی ئێمە بەردەوام لە ڕێی كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری، سەرقاڵی كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكن، ڕۆژانە دوو هەزار تۆن زبڵ لە ناو سەنتەری شار هەولێر و دارەتوو و بنەسڵاوە و كەسنەزان كۆ كراوەتەوە كە لە ساڵێكدا نزیكەی 600 هەزار تۆن زبڵ كۆ دەكرێتەوە.

ئامێری پێویست بەردەستە؟
لەڕووی تەكنیكەوە لە خاوێنكردنەوە هیچ كێشەیەكمان نییە و ئامێرەكان زۆربەیان نوێن، گرێبەستی كۆمپانیاكانیش نوێ كراونەتەوە كە لە ساڵی ڕابردوو بۆ سێ‌ ساڵ گرێبەستیان لەگەڵ كراوە، بۆیە ئێستە هیچ كێشەیەك لە گرێبەستی كۆمپانیاكانی پاككردنەوە نییە، هەروەها پێشتر ئۆتۆمبێلی كەپس كە زبڵی كۆ دەكردەوە، بەهۆی كۆنی بەشێكیان، زۆرجار كێشەی ئەوەی هەبوو لیك و پیسی زبڵەكەی لەناو گەڕەكان فڕێ دەدا، ئەوەیش بۆنێكی ناخۆش و سیمایەكی ناشیرینی هەبوو، ئێستە كێشەی فڕێدراوی لیك چارەسەر بووە و چیتر ئەو پیسییە لە كۆڵانەكان فڕێ نادرێت.

تێبینی/ ئەو چاوپێكەوتنە ڕۆژی سێشەم ئەنجام دراوە.. دوێنێ‌ فەرمان خەلیل وەكو بەڕێوەبەری فەرمانگە دەستی لەكار هەڵگرت.



وشە - رامیار جەواد