به‌گوێره‌ی حاڵه‌تی ئۆتۆمبێله‌كه و كه‌شی ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌یشی، عه‌قڵ ئاماژه ده‌نێرێت و له‌ڕێی داشبۆڕده‌وه ئاگاداری شۆفێر ده‌كاته‌وه، شاره‌زایه‌كی میكانیكی ئاشكرای ده‌كات و ده‌ڵێ، زۆر له هاووڵاتییان پرسیاریان كردووه كه گڵۆپی ''Low outside temperature'' مانای چییه؟
له‌مباره‌یه‌وه كاروان ڕه‌زا شاره‌زای بواری كاره‌بایی و میكانیكی ئۆتۆمبێل و رۆنگۆڕ، له‌ڕێی ''وشه''ه‌وه وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێ، ئه‌م گڵۆپه له زۆر له ئۆتۆمبێله نوێیه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، مه‌رج نییه هه‌موو كاتێك هه‌مان نووسین و هه‌مان هێما بێت، به‌ڵام بزانه ئه‌م گڵۆپه مه‌ترسیدار نییه و ته‌نیا ئاگادارمان ده‌كاته‌وه كه پله‌ی گه‌رمی دابه‌زیوه و نزیك بووه‌ته‌وه له سفر و پله‌كانی ژێر سفر له ده‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه.
ئەم شارەزایە بە وردی باسی ئەم گڵۆپە دەکات
بۆیه پێویسته شۆفێر ئاگاداری ئه‌م چه‌ند خاڵه بێت له‌كاتی شۆفێریدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاماژه‌یه له داشبۆڕد ده‌ركه‌وت:
یه‌كه‌م: ئاگاداری ڕێگه‌وبان بێت له‌به‌ر حاڵه‌تی به‌ستن و خلیسكان.
دووه‌م: دڵنیا بێت كه ئه‌نتیفرێز له ڕادیته‌ره‌كه‌یدا هه‌یه، چونكه به‌ستن ڕوو ده‌دات.
سێیه‌م: ده‌بێ خۆتان به‌دوور بگرن له ڕۆنه خه‌سته‌كان، چونكه ڕۆنه خه‌سته‌كان له دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما، ئه‌گه‌ری خه‌ستبوونه‌وه‌ی زۆرتره له ڕۆنێكی دوو ژماره‌یی شل، بۆیه رۆنی خه‌ست زیان به بزوێنه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت به‌تایبه‌ت له‌م كه‌شه‌دا.
بۆیه وریابن ئه‌گه‌ر هه‌ر گڵۆپێك هه‌ڵبوو له‌ناو داشبۆڕد، پێوه‌ندی به كه‌سانی شاره‌زا بكه‌ن تا پێتان بڵێن چییه، به‌ڵام وه‌ك ئه‌م شاره‌زایه ئاماژه‌ی پێ دا، ئه‌م گڵۆپه كه به ''Low outside temperature'' ناسراوه، هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه.