ئه‌مڕۆ شه‌موو 76 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان تێده‌په‌ڕێت كه له 22ی كانوونی دووه‌می ساڵی 1946 له مه‌هابادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دامه‌زرا. رۆژێك كه به پرشنگدارترین رۆژ له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كورد هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كۆماری دیموكراتیكی كوردستان دامه‌زرا، سه‌رجه‌م حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوچه‌كه خێڵه‌كی یان پاشایه‌تی بوون. له ئێران رژێمی پاشایه‌تی په‌هله‌وی حوكمڕانی ده‌كرد كه نه‌ك هیچ مافێكی به گه‌لی كورد ره‌وا نه‌ده‌بینی، بگره سته‌میشی لێی ده‌كرد.
له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا كۆماری كوردستان له ناو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ر له مه‌یدانی چوارچرای شاری مه‌هاباد راگه‌یه‌نرا. پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د خۆی كرایه سه‌رۆك كۆمار، پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به حاجی بابه‌شێخ و وه‌زیری به‌رگریش به سه‌یفی قازی هاته سپاردن.
مه‌لا مسته‌فای بارزانی له باشووری كوردستان به خۆی و هێزه‌كانیه‌وه، یارمه‌تیی سه‌رخستنی كۆماری كوردستانی دا
مه‌لا مسته‌فای بارزانی له باشووری كوردستان به خۆی و هێزه‌كانیه‌وه، یارمه‌تیی سه‌رخستنی كۆماری كوردستانی دا و خۆیشی پله‌ی جه‌نه‌راڵی پێ درا.
چه‌مكی ناسیۆنالیزم و خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی كه له دوای شۆڕشی مۆدێرن له ساڵی 1789 له فڕه‌نسا سه‌ری هه‌ڵدا، دوای زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك تازه گه‌یشتبووه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، پڕۆفیسۆر عه‌باسی وه‌لی پسپۆڕی سیاسی و مامۆستای زانكۆ ده‌ڵێ، "بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ناسیۆنالیزم له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی 19 به‌ملاوه ده‌ست پێ ده‌كات. شۆڕشی فڕه‌نسا له ساڵی 1789 ئه‌و كاریگه‌رییه خێرا و بنه‌ڕه‌تییه‌ی هه‌م له‌ڕووی فكری و هه‌م له‌ڕووی سیاسییه‌وه له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دانه‌نا، فكری ناسیۆنالیزم له‌گه‌ل فكری ریفۆرم و چاكسازی له سه‌رده‌می كۆتایی ئیمپراتۆریی عوسمانی‌دا به‌شێوه‌یه‌كی تیۆریزه نه‌كراو له نووسراوه‌كانی عوسمانییه گه‌نجه‌كاندا سه‌ری هه‌ڵدا. واته ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو باسی بكه‌ین، له ساڵی 1875 به‌ملاوه بنه‌ماكانی ئه‌م فكره سه‌ر هه‌ڵده‌دات".
ره‌زا شا كه به كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی توانی ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، له ساڵی 1923 له‌ژێر كاریگه‌ری مۆدێلی ناسیۆنالیزمی توركی، هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی ده‌ست پێ كرد كه نه‌ته‌وه‌كانی ناو ئێران هه‌ڵیانگیرساندبوو، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی سمایل ئاغای سمكۆ و جافر سوڵتان و حه‌مه‌ڕه‌شیدخانی بانه‌ی سه‌ركوت كرد، هه‌وڵی دا له رێی هێز و به تواندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی ئێران له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی فارس‌دا، ناسیۆنالیزمێك به ناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی-فارسی دروست بكات.
خه‌ونه‌كانی ره‌زاشا به ته‌واوی به‌دی نه‌هاتن و دوای ئه‌وه‌ی به‌ریتانیا و سۆڤییه‌ت به‌شی زۆری خاكی ئێرانیان داگیر كرد، ئه‌ویان له ده‌سه‌ڵات خست و كوڕه‌كه‌یان له جێی دانا. ره‌زاشا به‌وه تۆمه‌تبار كرابوو یارمه‌تی نازییه‌كانی داوه و ته‌نانه‌ت له وڵاتیش دوور خرایه‌وه.
به‌هۆی ئه‌و دۆخه تایبه‌ته‌ی له میانه‌ی جه‌نگی دووه‌می جیهانی هاته كایه‌وه، له رۆژی 25ی گه‌لاوێژی ساڵی 1945 و له دووه‌م مانگی هاوینی ساڵه‌كه دوای تێپه‌ڕینی سێ ساڵ له ته‌مه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف، ئه‌ندامانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه بڕیاری دامه‌زراندنی "حزبی دیموكراتی كوردستان”یان دا و به فۆرم و شێوازێكی سه‌رده‌میانه، ده‌ستیان كرد به رێكخستن و به خێراییه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو جه‌ماوه‌رێكی زۆر له ده‌وری ئه‌و حزبه كۆ بوونه‌وه.
ئه‌وكات قازی محه‌مه‌د دادوه‌ری شاری مه‌هاباد بوو و له ناوچه‌ی موكریان وه‌ك كاریزمایه‌كی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه رێزی زۆری لێ ده‌گیرا، دوای پێوه‌ستبوونی به رێكخستنه نهێنییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف و دواتر وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه، بڕیاری گۆڕینی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكافی بۆ حزبی دیموكراتی كوردستان ده‌ركرد و خۆیشی بووه سكرتێری گشتیی حزبه‌كه.
له ماوه‌ی 11 مانگی ته‌مه‌نی كۆماردا، ئه‌و به‌شه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌شه‌ی ئابووری و رۆشنبیری به‌خۆیه‌وه بینی و گۆڤار و رۆژنامه و بڵاوكراوه‌كان په‌ره‌یان سه‌ند، چاپخانه دامه‌زرا و ژنان هاتنه ناو چالاكییه سیاسییه‌كانه‌وه و بڕیاری خوێندنی زۆره‌ملێ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه ده‌رچوو، زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردی بووژانه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار زۆری به‌خۆیه‌وه بینی.
پێویسته ئاماژه به‌و راستییه بكرێت، هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كۆماری كوردستان نه‌یتوانی له سنووری موكریان تێپه‌ڕێت، به‌ڵام بیر و ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و كۆماره توانی له دواین شوێنی جیۆگرافی كوردستان له باكوره‌وه تا باشوور بته‌نێت و سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ببڕێت و باشوور و رۆژئاوا و باكوری كوردستانیش بخاته ژێر هه‌ژموونی ئه‌و مۆدێله ناسیۆنالیزمه.
له ژێر سایه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆمار له په‌ره‌پێدانی بیر و ئه‌ندێشه و ئه‌ده‌بیات و زمانی كوردی به‌رده‌وامن
ئه‌وه‌ی كۆماری كوردستان له ماوه‌ی 11 مانگی ته‌مه‌نیدا بنیاتی نا، ئه‌وه‌نده جه‌وهه‌ری و ریشه‌داره و دوای 76 ساڵ له تێپه‌ڕبوونی دامه‌زراندنی كۆماره‌كه، هێشتا خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له ژێر چه‌پۆكی ده‌سه‌ڵاتێكی دیكتاتۆرتری كۆماری ئیسلامی‌دان، له ژێر سایه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆمار له په‌ره‌پێدانی بیر و ئه‌ندێشه و ئه‌ده‌بیات و زمانی كوردی به‌رده‌وامن، كۆماره‌كه‌یان كردووه‌ته چرایه‌كی رووناك بۆ به‌رده‌وامیدان به زیندوو هێشتنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و هه‌نگاونان بۆ جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌كانی كۆماری كوردستان.