دوای دوو رۆژ له هێرشێكی گه‌وره و كتوپڕ بۆ سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێڕان له شاری حه‌سه‌كه، گه‌وره‌ترین گرتووخانه‌ی داعش، تا ئێسته دۆخه‌كه روون نییه كه چی رووده‌دات و دۆخی ناو گرتووخانه‌كه چۆنه و به‌ده‌ست كێوه‌یه؟
گرتووخانه‌ی غوێڕان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سووریای دیموكراته (هه‌سه‌ده)، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار زیندانی داعشی به چه‌كدار و فه‌رمانده‌ی رێكخراوه‌كه‌ی تیادایه، بۆیه به گه‌وره‌ترین زیندانی داعش داده‌نرێت، ئارام حنا، گوته‌بێژ به‌ناوی هه‌سه‌ده ده‌ڵێت، زیندانییه‌كه به‌ده‌ست هه‌سه‌ده‌وه‌یه، ئێسته هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر و ئاسایش له‌وێن و به پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هێرشه‌كه‌ی پێنجشه‌مه‌مان تێك شكاندووه.
مه‌ترسی هه‌ڵاتنی گیراوانی داعش و قاعیده له گرتووخانه‌ی حوت و دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی 2014 هه‌یه
زیاتر گوتی، پێشتر و ئێسته‌یش رێگه به تیرۆریستان ناده‌ین له گرتووخانه‌كه هه‌ڵبێن، هێزه‌كانمان هه‌وڵی هه‌ڵاتنی به‌كۆمه‌ڵی زیندانیانی داعشیان پووچه‌ڵ كردووه‌ته‌وه و 89 زیندانی گیراون كه هه‌وڵی هه‌ڵاتنیان دابوو، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵاتبوون ئه‌و زیندانیانه بوون كه شانه‌ی نوستوو بوون، نه‌وه‌ك ته‌واوی زیندانییه‌كان.
گوته‌بێژه‌كه‌ی هه‌سه‌ده روونی كرده‌وه، ئێسته هه‌سه‌ده له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌كه باڵاده‌سته و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازی به‌ره‌و باكور و گه‌ڕه‌كی زهوور بردووه، تا ئێسته‌یش شه‌ڕێكی پچڕ پچڕ هه‌یه، بۆیه رێگه به هێرشبه‌ران ناده‌ین بگه‌نه‌ن به ده‌روازه‌ی گرتووخانه‌كه، چه‌كدارانی داعش به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی زهوور هه‌ڵاتوون و هاووڵاتییانیان كردووه‌ته قه‌لغانی مرۆیی، ئه‌وه‌یش وای كردووه به‌ته‌واوی ناوچه‌كه كۆنترۆل نه‌كه‌ین. هاوكات هێزی هاوپه‌یمانان پاڵپشتیی ئاسمانیمان ده‌كه‌ن، جیا له بوونی هاوئاهه‌نگی هاوبه‌ش و وئالوگۆڕی زانیاری له نێوانماندا.
له به‌رانبه‌ردا رامی عه‌بدوره‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی مافی مرۆڤی سووریا كه باره‌گاكه له له‌نده‌نه و به‌وردی هه‌واڵه‌كانی سووریا ده‌گوازێته‌وه گوتی، ئێسته گرتووخانه‌كه له‌ژێر كۆنترۆلی داعشدایه و هێرشبه‌ران بارمته‌یان له‌ناو گرتووخانه‌كه به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه تا ئێسته چه‌كدارانی داعش كۆنترۆلی گرتووخانه‌كه ده‌كه‌ن.
عه‌بدوره‌حمان روونی كرده‌وه، 150 ئه‌ندامی داعش له گرتووخانه‌كه هه‌ڵاتوون، 130یان گیراونه‌ته‌وه، هاوكات 45 چه‌كداری داعش كوژراون، ئه‌وان ژماره‌یه‌ك كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ری گرتووخانه‌كه‌یان وه‌ك بارمته بردوو و ژماره و چاره‌نووسیان نازانرێت كه ماون یان نا، به‌ڵام هه‌سه‌ده به پاڵپشتیی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای زیندانییه هه‌ڵاتووه‌كانی داعش ده‌گه‌ڕێت، له‌و ناوه‌دا گورزێكی ئاسمانی ئاراسته‌ی ته‌لارێك كراوه له نزیك گرتووخانه‌كه، باوه‌ڕ وایه داعشه هه‌ڵاتووه‌كان خۆیان له‌وێدا حه‌شار دابێت.
له‌و كاته‌ی رێكخراوی داعش له ته‌لیگرام رای گه‌یاند كه له پێنجشه‌مه‌وه هێرشێكی فره‌وانیان كردووه‌ته سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران له حه‌سه‌كه، كه هه‌زاران ئه‌ندامی گیراوی ئه‌وانی له‌خۆ گرتووه، تا ئێسته‌یش شه‌ڕ له ناوچه‌كانی نزیك گرتووخانه‌كه و ده‌وره‌به‌ری به‌رده‌وامه. كه‌ناڵی "ئای بی سی"ی ئه‌مه‌ریكی له راپۆرتێكی وای له قه‌ڵه‌م دا كه دوو هێرشه ئاڵۆزه‌كه‌ی دوایی داعش له عێراق و سووریا، له‌وه‌ته‌ی رووخانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی به‌ر له سێ ساڵ گه‌وره‌ترینه، ئاشكرای كرد كه هێرشه‌كه‌ی سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران له‌لایه‌ن فه‌رمانده عێراقییه‌كانی داعشه‌وه ئه‌نجام دراوه.
به‌پێی راپۆرته‌كه شه‌وی پێنجشه‌می رابردوو زیاتر له 100 چه‌كداری داعش هێرشیان كردووه‌ته سه‌ر گرتووخانه‌ی غوێران له حه‌سه‌كه كه گیراوی تیرۆریستی له‌خۆ گرتووه، ئه‌وه‌یش بووه‌ته هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایش هاتوونه‌ته ناو بابه‌ته‌كه‌وه، بۆیه تا ئێسته شه‌ڕ به‌رده‌وامه و ده‌یان كوژراو و برینداری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه. جیا له هێرشه‌كه‌ی حه‌سه‌كه، چه‌كدارانی داعش هێرشێكی تری ئاڵۆزیان بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له باكوری به‌غدا ئه‌نجام داوه و 11 سه‌رباز و ئه‌فسه‌ریان كوشتووه، له یه‌كێك له خوێناوی‌ترین هێرشه‌كانی داعش له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا.
له‌وكاته‌ی مه‌زلووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌وه گوتی كه داعش زۆرینه‌ی شانه نوستووه‌كانی خۆی جووڵاندووه بۆ چوونه ناو گرتووه‌خانه‌كه، ئه‌وان چه‌كی قورس و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان به‌كار هێناوه، مه‌به‌ستیان ئازادكردنی تیرۆریسته گیراوه‌كان بووه، فه‌رهاد شامی، گوته‌بێژی هه‌سه‌ده گوتی، تیرۆریستان له سه‌عات حه‌وتی ئێواری پێنجشه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌یان ئه‌نجام دا، دوای ئه‌وه دوو ته‌قینه‌وه‌ی تر، بۆیه هێرشه‌كه ئاڵۆز بووه، هاوكات داعشه گیراوه‌كانی ناو زیندانییه‌كه ده‌ستیان به یاخیبوون كرد و هه‌وڵی هه‌ڵاتنیان دا، ئه‌وه‌یش هاوكات له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو و دروستبوونی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئاسایش، جیا له‌وه ئۆتۆمبیلێكی تر له نزیك ئه‌مبارێكی سووته‌مه‌نی ته‌قییه‌وه و بووه هۆی دروستبوونی ئاگرێكی گه‌وره كه تا رۆژی هه‌ینی به‌رده‌وام بوو.
شامی زیاتر باسی هێرشه‌كه ده‌كات به‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش خانووه‌كانی ناوچه‌كه‌یان بۆمبڕێژ كردووه و هاووڵاتییان وه‌ك قه‌لغانی مرۆیی به‌كار دێنن، ئه‌وه‌یش وای كردووه شه‌ڕه‌كه به سستی به‌ڕێوه بچێت، بۆیه شه‌ڕه‌كه له گه‌ڕه‌كی زهوور به‌رده‌وامه و خه‌ڵكه‌كه له ناوچه‌كه هه‌ڵا توون، لای خۆیه‌وه جۆن كێربی، گوته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی ئه‌و هێرشه‌وه گوتی، ئه‌وه‌ی روو ده‌دات هێرشێكی ناوخۆیی نییه.
باقر جه‌بر، وه‌زیری پێشووتری عێراق له‌و باره‌وه وریایی ده‌دات كه به‌پێی زانیارییه‌كان ئامانجی گیراوه هه‌ڵاتووه‌كانی داعش له حه‌سه‌كه گه‌یشتنه به سێگۆشه‌ی سنووری سووریا و عێراق و ئوردن و له‌وێیشه‌وه به‌ره‌و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا، روونی كرده‌وه، له داهاتوودا و له سایه‌ی چاوپۆشی هه‌سه‌ده له هه‌ڵاتنی گیراوانی داعش له زیندانه‌كانی، هه‌ڵاتنی وا ده‌بینین.
ئه‌و وه‌زیره پێشووه‌ی عێراق ئاماژه‌ی كرد كه مه‌ترسی گه‌وره ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌سه‌ده به‌هۆی بێزاریان له‌و هێزه، پاڵپشتی له رێكخراوی داعش بكه‌ن و داڵده‌یان بده‌ن، ئه‌گه‌رچی گرتووخانه‌كه زۆر له خاكی عێراق دووره، به‌ڵام هێرشه‌كه كاریگه‌ری بۆ سه‌ر عێراق هه‌یه، به‌تایبه‌تی كه زیاتر له هه‌شت هه‌زار ئه‌ندامی داعش و قاعیده له گرتووخانه‌ی حووت هه‌ن و سزای له‌سێداره‌دانیان هه‌یه، ئه‌وه‌یش مانای ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌ڵاتنی ئه‌و گیراوانه به هاوشێوه‌ی گرتووخانه‌ی ئه‌بو غرێب له 2013 هه‌یه، كه هۆكاری سه‌ره‌كی رووداوه‌كانی 2014 و له‌ده‌ستدانی یه‌ك له‌سه‌ر سێی خاكی عێراق بوو.