محه‌مه‌دی ماملێ، یه‌كێك له ده‌نگه گه‌وهه‌رییه‌كانی كورد كه تا ئێسته‌یش ده‌نگی له هزری هه‌موواندا ده‌نگده‌داته‌وه.
سبه‌ی 23ی كانوونی دووه‌م، 23 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی محه‌مه‌دی ماملێ تێده‌په‌ڕێ، به‌ڵام هێشتا ده‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ر گوێگرتنێك له گۆرانییه‌كانیدا چریكه‌یه‌كی نوێ ده‌ڕوێنێ.
محه‌مه‌د ماملێ، گۆرانیبێژ و مه‌قامبێژی كورد، له ساڵی 1925 له گه‌ڕه‌كی خڕێی شاری مه‌هاباد له دایك بووه، ناوی ته‌واوی محه‌مه‌د سه‌عید عه‌لییه. خوێندنی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی په‌هله‌وی و سه‌عاده‌ت له مه‌هاباد ته‌واو كردووه. ناسناوی ماملێ له باپیرییه‌وه بۆی ماوه‌ته‌وه، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات كه باوكی نه‌خوێنده‌وار بووه و كاتێك سه‌رژمێری گشتی هاتووه بۆ نووسینی لێی پرسیوه ناوی خۆت و باوكت چییه. ئه‌ویش گوتوویه‌تی سه‌عید مام عه‌لی، ئه‌وانیش نووسیویانه سه‌عید ماملێ، چونكه زمانی فارسی پیتی (ع) له قسه‌كردندا به‌كار ناهێنن، ئیتر خه‌ڵك له‌وه به‌ولاوه هه‌ر ده‌ڵێن ماملێ.
ماملێ سێ ژنی هێناوه. دوا هاوسه‌ری كه ساڵی رابردوو كۆچی دوایی كرد "ئامینه" خان بوو، حه‌وت كوڕ و دوو كچی هه‌یه.
یه‌كه‌م گۆرانی كه ده‌رگه‌ی هونه‌ری پێ كرده‌وه گۆرانی "ڕۆیی به‌جێی هێشتم"ـه كه له 1938ـدا تۆماری كرد. ماملێ له ساڵی 1963 هاتووه‌ته قه‌ڵادزێ و چه‌ند ئاهه‌نگێكی گێڕاوه و پاشان چووه بۆ سلێمانی و له‌وێش چه‌ند ئاهه‌نگێكی گێڕاوه. گۆرانییه‌كانی تایه‌ر تۆفیق و عه‌لی مه‌ردان و سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر كوردستانی و محه‌مه‌د عارف و ته‌حسین ته‌های زۆر به دڵ بوون. ئه‌و خاوه‌نی زیاتر له 700 گۆرانییه.
ماملێ، یه‌كێك له كوڕه‌كانی به ناوی نه‌جات، قوربانی ده‌ستی توندكاری ئێران له 1982 له مه‌هاباد له سێداره دراوه و ئه‌وه‌یش كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ری دروست كردووه.
عه‌باس كه‌مه‌ندی، هونه‌رمه‌ندی فره‌زانی كورد كه خه‌ڵاتی ماملێ‌ی ساڵی 2011ـی زاینی پێشكه‌ش كرا، له بروسكه‌یه‌كدا كه بۆ مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ ده‌ڵێ: له یادم ناچێ كاتێكی كه ره‌خنه‌م له به‌رێزیان گرت كه بۆ میلۆدیی توركیتان به كوردی وه‌رگه‌ڕاندووه‌ته‌وه و ده‌یڵێنه‌وه؟ به‌ڕێزیان زهردهخهنهیهكیان كرد و فه‌رمووی: گومانی تێدا نییه كه به هۆی پێكه‌وه‌ژیانی مێژوویی كورد و تورك و ئه‌رمه‌نی له‌و ناوچانه‌دا كه تێیدا ده‌ژین، زۆر خاڵی هاوبه‌شیان تێدا به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام بۆچی ئێوه وا بیر ناكه‌نه‌وه كه ئه‌م میلۆدییانه پێشتر كوردی بوون و كراون به توركی یان ئه‌رمه‌نی. كه پێیدا هاتمه‌وه زانیم كه حه‌ق به ده‌ستی به‌ڕێزیانه و بێ ده‌نگیم لێ كرد.
ماملێ چه‌ندان جار له‌لایه‌ن رژێمی پاشایه‌تی ئێرانه‌وه گیرابوو، له 29/2/1947 له‌سه‌ر ئه‌وه گیرابوو كه شیعری لایه‌لایه‌ی مامۆستا هه‌ژاری موكریانی به گۆرانی گوتبوو. جارێكی تریش پاش ڕووخانی كۆماری سه‌ربه‌خۆی كوردستان گیرابوو. ماملێ ئه‌و جاره‌یان له‌سه‌ر تاوانی شاردنه‌وه‌ی ئاڵایه‌كی كوردستان گیرابوو.
ماملێ له ساڵی 1994ـدا دوا گۆرانیی تۆمار كرد، له‌و ساڵه‌وه تووشی نه‌خۆشییه‌كی سه‌خت بوو كه بریتی بوو له زه‌هایمه‌ر، دوای پێنج ساڵ و له 23/1/1999ـدا به‌و نه‌خۆشییه كۆچی دوایی كرد.