لە هەندێك شوێن بەرمیلی نەوت بە 90 هەزار دابەش دەكرێ‌ هۆكارەكەی ڕاگەیەنرا

:: PM:12:04:23/01/2022 ‌
جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی عێراق لە پێدانی نەوت بە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، جیاوازی دەكات لەگەڵ هاووڵاتییانی تری شارەكانی تری عێراق.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی كانوونی دووەم، گوڵیزار رەشید سندی جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە" ـی ڕاگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نرخی یەك لیتر نەوتی سپی لە بەغدا بە 400 دینار دەكڕێت و بەرمیلێك نەوت دەكاتە 80 هەزار دینار، تا دەگاتە ئێرە بەگواستنەوەوە دەگاتە 90 هەزار دینار، بەهەمان نرخیش دەیداتەوە بە هاووڵاتییان.

زیاتر گوتی، ئەو نرخە لەكاتێكدایە نرخی لیترێك نەوت بۆ هاووڵاتیی عێراقی بە 150 دینارە، بۆیە بەغدا غەدرێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان دەكات و هاووڵاتی هەرێم وەك هاووڵاتی عێراقی حیساب ناكات، جیاوازی لە نێوان هاووڵاتیی هەرێم و عێراق دەكات و نەوت بە دووقات دەداتە خەڵكی هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەوروبەری شارەكان و ناوچە شاخاوییەكان، نەوتی بە 55 هەزار دینار داوەتە هاووڵاتییان، ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئەركە بگرێتە ئەستۆی خۆی و نەوت بە نرخی دەوروبەری شار بە 55 هەزار دینار بداتە هاووڵاتییان.

لە ئێستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی زۆرترین بڕە نەوت بە هاووڵاتییان بگات، لە ڕێی كڕینی نەوت و فرۆشتنەوەی بە كەمتر لە نرخی خۆی نەوت بەسەر بەشێك لە هاووڵاتییان دابەش دەكات.

لە ماوەی ڕابردوودا لە هەندێك شوێن نەوت بە 90 هەزار دینار دابەش كراوە، هاووڵاتییان پرسیاریان لادروست بووبوو بۆچی لە چەند شوێنێك نەوت بە 55 هەزار دینارە لە هەندێك شوێن بە 90 هەزار دینارە، دەركەوت كە هۆكارەكەی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.

بڵند ئیبراهیم



وشە - رامیار جەواد