ڕێنوێنی بۆ شێوازی پێدانی ئامێری كشتوكاڵی بە جووتیاران بڵاو كرایەوە

:: PM:01:08:23/01/2022 ‌
ڕێنوێنی بۆ پێدانی ئامێری كشتوكاڵی بە جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەرچووە، بەپێی بڕگە و بڕیارەكانی ناو ڕێنوێنییەكان، جووتیار هیچ بڕە پارەیەكی لێ‌ وەرناگیرێ‌ تا ئامێرەكە وەرنەگرێ‌.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی كانوونی دووەم، بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەی بۆ پێدانی ئامێری كشتوكاڵی بە جووتیاران، بەپێی بڕیاری ژمارەی 79ـی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە و تێدا هاتووە، هیچ پێشینییەك لە جووتیاران وەرناگیرێ‌ تا ئامێرەكە وەردەگرێ‌.

باس لەوەش كراوە، لەكاتی پێشكەشكردنی كەلوپەلەكان بە جووتیاران، تەنیا 20%ی پارەكە دەدات، هەروەها هیچ جۆرە سوو و زیادەیەك نایەتە سەر ئامێرەكە.

لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەی جووتیاران بۆ وەگرتنی ئامێرەكان، پێویستە سەرەتا بەڵێننامەیەكی یاسایی پڕ بكاتەوە و بڕی پارەی ڕێككەوتنەكە لەناوی بنووسرێت و لەگەڵ بوونی بریكارێك كە مووچەكەی بنووسرێت.

ئەوەیش دیاری كراوە، بارمتەی خانوو لە گرێبەستەكە دابنرێ‌ و هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بێت، كارتی نیشتمانی و زانیاری و ڕەگەزنامەی عێراقی و وێنەی كەسی ئامادە بكات، هەروەها لەگەڵ بوونی ناسنامەی جووتیاری.

وەزارەتی كشتوكاڵ ماوەی پڕكردنەوەی فۆڕمی بۆ جووتیاران دیاری كردووە كە ئەمڕۆ دەست پێ‌ دەكات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت، پێویستە جووتیار لەو كاتەدا فۆڕمەكەی پڕ كردبێتەوە.

كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گرنگی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ دەدات، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندان بڕیاری گرنگی بۆ جووتیاران و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی دەركردووە.









وشە - رامیار جەواد