دوایین زانیاری.. كۆرۆنا چۆن كار دەكاتە سەر وەچەخستنەوە؟

:: PM:09:42:23/01/2022 ‌

تا دێت كاریگەرییە درێژخایەنەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاتر ئاشكرا دەبێت، داتاكان دەریان خست كە ئەو ژنانەی تووشی كۆرۆنا بوونە، لە ماوەی 60 رۆژ دوای تووشبوونیان كەمتر ئەگەری دووگیانبوونیان هەیە.

توێژینەوە ئەمەریكییەكە ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی زیاترە بۆ زانینی هۆكاری كەمبوونەوەی توانای وەچەخستنەوەی پیاو لە دوای تووشبوون بە كۆرۆنا، كە رەنگە پێوەست بێت بەو تایەی لەگەڵ تووشبوونەكەدایە و كار دەكاتە سەر توانای وەچەخستنەوە، وەك پەیمانگەی تەندروستی نیشتمانیی ئەمەریكی باسی كرد.
دەكرێ پەتای كۆرۆنا كار لە وەچەخستنەوەی پیاو بكات، بەتایبەتی ئەوانەی بە سەختی یان ناوەندی تووشی دەبن
توێژینەوەكە دەری خست كە ڤاكسینەكانی دژ بە كۆرۆنا كار ناكەنە سەر توانای وەچەخستنەوە لە پیاو و ژندا، بەڵام تووشبوون بە كۆرۆنا رەنگە بۆ ماوەی دوو مانگ كاریگەری هەبێت. بۆ ئەوەیش توێژینەوەكە سوودی لە داتای 2100 پیاو و ژن لە ئەمەریكا و كەنەدا وەرگرت.

لەوكاتەی توێژینەوەكە ئاماژەی كرد كە ڤاكسینەكانی دژ بە كۆرۆنا هیچ كاریگەریان بۆ سەر توانای وەچەخستنەوە نەبووە، واتە سەلامەتن بۆ بەكارهێنان، ژنانی تووشی كۆرۆنا بوونە لە ماوەی 60 رۆژ دوای تووشبوونیان ئەگەری دووگیانبوونیان كەمتر هەبووە، ئیمیلیا ویسلینك، شارەزای پەتازانی لە زانكۆی بۆستن دەڵێت، توانای دووگیانبوونیان بە تووشبوون كاریگەر نەبووە، بەڵام دوای تووشبوون كاتی زیاتری دەوێت بۆ دووگیانبوون، بۆیە تا ئێستە ئەنجامەكان كاریگەری درێژخایەنیان بۆ سەر توانای وەچەخستنەوەی پیاو و ژن بەهۆی تووشبوون بە كۆرۆنا دەرنەخستووە.

ئادی كاتز، بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییەكانی ژنان لە لیونكس هیل دەڵێت، ئەو هەوكردنەی بەهۆی توشوبوون بە كۆرۆنا دروست دەبێت، رەنگە رۆڵی هەبێت لە كەمبوونەوەی كوالیتی سپێرمەكان، چەند توێژینەوەیەكیش دەریان خستووە كە دەكرێ پەتای كۆرۆنا كار لە وەچەخستنەوەی پیاو بكات، بەتایبەتی ئەوانەی بە سەختی یان ناوەندی تووشی دەبن.

لای خۆیەوە بوباك بیرۆكیم، شارەزای وەچەخستنەوە لە نەخۆشخانەی لینۆكس هیل لە نیویۆرك دەڵێت، ئەو پیاوانەی بەدەست نیشانەكانی كۆرۆناوە دەناڵێنن لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشیان، دەكرێ بە شێوەیەكی كاتی ژمارەی سپێرمەكانیان كەم ببێتەوە، بەڵام دوای دوو مانگ بۆ ئاستی ئاسایی دەگەڕێتەوە.  


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل