"مەترسی هێرشی داعش بۆ سەر تەسفیراتی كەركووك هەیە"

:: PM:09:13:24/01/2022 ‌

لە ماوەی دواییدا چەكدارانی داعش و شانە نوستووەكانی لە چەند شوێنێكی عێراق و سووریا دەستیان بە چالاكی كردووەتەوە، دوای چەند رۆژێك لە هێرشەكەی حەسەكە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەیەوێ گرتووخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركووك كۆنترۆڵ بكا، ئەوەیش وای كردووە هێزە تەناهییەكان بخرێنە حاڵەتی ئامادەسازییەوە.
لە چەند گەڕەكێكی شارەكە گەڕان و پشكنینی ماڵان دەستی پێ كراوە
سەرچاوەیەكی تایبەت لە پۆلیسی كەركووك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات، بە "وشە"ی  راگەیاند، هەڕەشەی رژد لەسەر گرتووخانەی تەسفیراتی كەركووك هەیە، بەو هۆیەوە سەرجەم هێزە تەناهییەكانی كەركووك خراونەتە حاڵەتی ئامادەسازییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.

ئەو سەرچاوەیە روونی كردەوە، ئەم هەڕەشانە پاش ئەو هێرشە دێت كە لە چەند رۆژی رابردوودا كرایە سەر گرتووخانەی غوێرانی شاری حەسەكە لە سووریا و ژمارەیەك گیراوی داعش هەڵهاتن.

دوای رووداوەكەی حەسەكە، بەشێك لە گرتووخانەكانی عێراق توندوتۆڵ كران و زانیاری هەواڵگریش هەبوو كە چەكدارانی داعش بە نیازی هێرشكردنن بۆ سەر چەند گرتووخانەیەك كە گیراوی داعشیان تیادایە، لەناو ئەوانیشدا گرتووخانەی ئەبوغرێب مەترسی رژدی لەسەرە.

لەبارەی گرتووخانەی تەسفیراتی كەركووكیش، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی كرد كە ژمارەیەك گیراوی داعشی تیادایە و بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان داعش نیازی هێرشكردنی بۆ سەر گرتووخانەكە هەیە، بۆیە ئێستە هێزە تەناهییەكانی كەركووك لە حاڵەتی ئامادەسازی تەواودان و لە چەند گەڕەكێكی شارەكە گەڕان و پشكنینی ماڵان دەستی پێ كراوە.

شایەنی باسە گرتووخانەی تەسفیراتی كەركووك لەناو تەلاری بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی كەركووكە كە دەكەوێتە نزیك فڕۆكەخانەی كەركووك، ئێستەیش هێزە تەناهییەكانی كەركووك دەستیان بە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین كردووە، بەتایبەتی لە گەڕەكەكانی شۆرجەی كوردنشین.

وشە/ كەركووك


وشە - تایبه‌ت