خوشكێكی نەقیب لەتیف: بكوژی براكەم نەگیراوە

:: AM:11:04:25/01/2022 ‌
خوشكێكی نەقیب لەتیف محمەد ڕای دەگەیەنێت، 52 ڕۆژ بەسەر كوژرانی براكەم تێپەڕیوە، تا ئێستە بكوژەكانی نەگیراون، ئەمەیش مانای وایە ئەوانەی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەكەن، دەتوانن دەست لە پۆلیسیش بكەنەوە.

شەوی چواری كانوونی یەكەمی 2021 لە شاری سلێمانی، داواكراوێك ڕووبەڕووی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە، لە ئەنجامدا ئەفسەرێك بەناوی محەمەد لەتیف كوژرا و سێ پۆلیسی تریش بریندار بوون، تا ئێستەیش بكوژانی لەتیف محەمەد نەگیراون و گومان دەكرێ‌ لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی داڵدە درابن.  

ئاڵا لەتیف ڕۆژنامەنووس و خوشكی نەقیب محەمەد لەتیف بڵاوی كردووەتەوە، 52 ڕۆژ بەسەر كوژرانی براكەم تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستە بكوژەكان نەگیراون.   

خوشكی ئەو ئەفسەرە كوژراوە دەڵێ‌، كەیسی شەهیدكردنی نەقیب محەمەد لەتیف ڕوویەكی تری دۆخی مەترسیداری هەیە، ئەوەیش سەلمێنەری ئەوەیە كە ئەوانەی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەكەن، نەك دەتوانن دەست لە پۆلیس بكەنەوە و بیانكوژن و گڕ لە ئۆتۆمبێلەكەیان بەربدەن، بەڵكو دەشتوانن زۆر بە ئاسانی ڕابكەن و دەرباز بن لە سزا.

ئەوە لە كاتێكدایە لە ماوەی پێشوو چەند كەیسێكی تر هەبووە لە سنووری سلێمانی، گومان لە دروستبوونی گرووپ و چەند كەسێك دەكرا، ئیش بكەن و بەهۆكاری نادیار ئامادە نەبوونە تاوانباران ڕادەست بكەن.



وشە - رامیار جەواد