سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور كرد

:: PM:03:08:25/01/2022 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كونسوڵی كۆریای باشوور كرد كە بەبۆنەی تەواوبوونی ئەركەكەی لە هەرێمی كوردستان سەردانی كردبوو.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە چۆی كوانگ ژین كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەولێر كرد كە ئەركەكەی كۆتایی دێت.

لە دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانی وێڕای ماڵئاوایی، سوپاسی كار و هەو‌ڵەكانی كرد بۆ برەودان بە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆریای باشوور، هیوای سەركەوتنی لە ئەركی تازەیدا بۆ خواست.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بە ڕۆڵی تیمی زەیتوونی سەربازیی كۆری و ئاژانسی كۆیكا و گەل و حكوومەتی كۆریای باشووری كرد كە هاوكارییان پێشكەش بە هەرێمی كورستان كردووە.

لای خۆیەوە كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور، سوپاس و پێزانینی بۆ نێچیرڤان بارزانی و لایەنە پێوەندارەكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە لە ماوەی ئەركەكەیدا هاوكار و پشتیوانی بوون، هیوای خواست پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە برەودان بن.



وشە - رامیار جەواد