سوننە خۆیان یەك خست و لەناو پەرلەمان بوونە یەك هاوپەیمانی

:: PM:08:20:25/01/2022 ‌

دوای ئەوەی هەردوو هاوپەیمانی سەرەكی سوننە، تەقەدوم بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی و عەزم بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، بەر لە كۆبوونەوەی پەرلەمان رێك كەوتن و حەلبووسیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان تێپەڕاند، ئەمڕۆ پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی سوننەیان لەناو پەرلەمانی عێراق بەناوی "سیادە"، بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر راگەیاند.

نورا جحێشی، سەركردە لە هاوپەیمانی عەزم گوتی، هێزە سیاسییە سوننەكان لە چوارچێوەی هەردوو هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم و حزبی جەماوەر و ئەندامە سەربەخۆكانی سوننە، هەموویان هاوپەیمانیەتییەكی گەورەیان پێك هێناوە كە خەمیس خەنجەر رابەرایەتی دەكات، هاوپەیمانیەتییەكە لە 67 ئەندام پێك هاتووە بەناوی "سیادە".  
هاوپەیمانیەتییەكە لە 67 ئەندام پێك هاتووە بەناوی "سیادە"
جحێشی روونی كردەوە كە ئەو هاوپەیمانییە دەبێتە نوێنەری پێكهاتەی سوننە لەناو پرۆسەی سیاسی و حكوومەتی داهاتووی عێراق، كار بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی خەڵكەكەمان لەو پارێزگای ئازادكراوەكان دەكەین، لەوانە گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاشكرابوونی چارەنووسی نادیارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ئەو پارێزگایانە و هیتریش.

هەر ئەمڕۆ لە یەكەم بەیاننامە لە نووسینگەی خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە، رای گەیاند كە هەوڵی بەهێزكردنی سەروەریی عێراق و مسۆگەری بنیاتنانی دەوڵەتی راستەقینەی هاووڵاتیبوون دەدەن، كاریش بۆ هێشتنەوەی چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت دەكەن.

لای خۆیەوە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە تویتێك نووسیویەتی، پیرۆزبایی لە دروستبوونی ئەو هاوپەیمانیەتییە دەكەین، ئەندامانی هەردوو هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم متمانەی خۆیان بە شێخ خەمیس خەنجەر بەخشی بۆ رابەرایەتی هاوپەیمانیەتییە سیاسییەكەمان بۆ قۆناغی داهاتوو. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل