دۆخی بەغدا ئاڵۆز دەبێت و هێرش دەكرێتە سەر نووسینگەیەكی حەلبووسی

:: PM:10:56:25/01/2022 ‌

سەرچاوە تەناهییەكان ئاماژەیان كرد ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم بە مووشەك هێرش كراوەتە سەر نووسینگەیەكی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار، هاوكات لە شاری بەغدا و لە ئەگەری هێرشی هاوشێوە بۆ سەر بارەگای حزبەكان، رێوشوێنی توندی تەناهی وەرگیراوە.

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لابردنی ئەو راگرتنەی بۆ كاری پەرلەمانی عێراق و سەرۆكایەتی پەرلەمان دا كە بەهۆی تانەی دوو پەرلەمانتار لە شەرعیەتی یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمان و دیاریكردنی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمان پێشكەیش دادگاكەیان كردبوو، كە ئەوە شكستێكی تری هەوڵی هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو بە میلیشیاكانیشەوە بۆ رێگرتن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دوور لەوان.

سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە لە سەعات 21:25 خولەكی ئەمشەو سێ بۆ چوار مووشەك خانەی مێوانداری محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیان لە شارۆكەی گرمە لە پارێزگای ئەنبار كردە ئامانج، بەهۆی بۆردمانەكەوە سێ كەسی مەدەنی بریندارن و برینی یەكێكیان سەختە. 

بەپێی سەرچاوە تەناهییەكان مووشەكەكان لە ناوچەی باڵی رووباری دجلە لە باكوری شارۆكەكە هاوێشتراون، كە ناوچەكە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی لیوای 27ی حەشدی شەعبی سەر بە هێزەكانی رێكخراوی بەدری هادی عامری. یەكێك لە مووشەكەكان لە نزیك نووسینگەكەی حەلبووسی كەوتووەتە خوارەوە و دووەمیش لەناو بازاڕی گرمە و سێیەم لە نزیك مزگەوتی گرمە و چوارەمیش لە ناوچەیەكی كشتوكاڵی دوور لە ئاوەدانی، بەگشتی زیانی زۆریان هەبووە.

بەهی ئەوەی لە ماوەی رابردوو بارەگای چەند حزب و لایەنێكی سیاسی لە بەغدا و كەركووك و ئەنبار، بەتایبەتی هی هێزە سوننەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان كرابوونە ئامانج، ئەوە وای كرد رێوشوێنە تەناهییەكان لە بەغدای پایەتەخت توند بكرێن بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە. 

رێوشوێنەكانیش بەتایبەتی لە ناوچەی كەرادەی بەغدا وەرگیراوە و چەند بازگە و خاڵی پشكنین دانراوە و پشكنینی ورد بۆ كەس و ئۆتۆمبێلەكان دەكەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل