ئەمڕۆ سێشەم مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانێكی فەرمی بۆ ئیمارات ئەنجام دا، پەرلەمانتار و شارەزایان باس لە گرنگی سەردانەكە و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەكەن، پێیان وایە كە ئیمارات وڵاتێكی گرنگی ناوچەكەیە و دەبێت هەرێم پێوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەو و وڵاتانی ناوچەكە هەبێت.
لەمبارەیەوە د. رێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ی گوت، ئیمارات وڵاتێكی بەهێز و خاوەن بڕیار و پێگە و وزەی جیهانییە لە ناوچەكەدا و رۆڵی كاریگەری لە تەواوی بابەت و رووداوەكانی ناوچەكەدا هەیە.
زیاتر گوتی، ئەم پێوەندی و گفتوگۆ بەسوود و گرنگانە هەمووی لەژێر سایە و چەتری سەرۆك بارزانیدا دروست بووە، كە بەحەكیمانە سیاسەتی كردووە و پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان پەرە پێ داوە، سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان فرە رەهەندە و ئاماژەی ئیجگار زۆر گرنگی هەیە لە هەموو بوارەكاندا، وەك دیارە ئیماراتیش وەك وڵاتێكی گرنگی ناوچەكە دەیەوێ رۆڵی خۆی لە داڕشتنەوە سیاسەتی ناوچەكە بگێریت، بەم جۆرەیش كورد كارەكتەرێكی گرنگ و كاریگەرە بۆ ئەو وڵاتەو دەیەوێ دۆستایەتی زیاتر لەگەڵ كورددا بكات.
هاوكات د. هاوكار عومەر مامۆستای زانكۆ و ئەندامی مەكتەبی پێوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی گوت، ئیمارات یەكێكە لە گرنگترین و كاریگەرترین وڵاتانی ناوچەكە لە رووی سیاسی ئابوورییەوە، بێگومان سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەم كاتەدا و پێشوازی لێ كردنی بەو پرۆتۆكۆلە بەرزە، گرنگی و بەهای خۆی هەیە و دووپاتی توندوتۆڵی پێوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان دەكاتەوە.
روونی كردەوە، سەردانەكە لە رووی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەوە دەرەنجام و دەسكەوتی بەرچاوی دەبێت، بەوپێیەی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم یاوەری سەرۆك وەزیرانە، ئەمە مانای ئەوە دەگەیەنێت وەبەرهێنانیش یەكێك دەبێت لە تەوەرە سەرەكی و گرنگەكانی سەر مێزی گفتوگۆكردنی سەردانەكە، هاوكات كاریگەری لەسەر بانگهێشتكردنی دەستی وەبەرهێنانی دەرەكی دەبێت و سەرنجام بوژانەوە و بەهێزكردنی ئابووری كوردستانی بەدوادا دێت.
ئەمڕۆ سێشەم مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی ئیمارات و شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوە و گەورە بەرپرسانی تری ئیمارات كۆ بووەو، ئەوان گفتوگۆیان لەبارەی گۆڕانكاری و پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە و دەرفەتەكانی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئیمارات كرد، جیا لە پتەوكردنی میكانیزمەكانی هاوئاهەنگی و هاوكاری لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
سلێمانی/ ئاسان محەمەد