میریان بازرگانییەكی قەدەغەكراو لە كوردستان دەست پێ دەكات

:: PM:02:31:26/01/2022 ‌
میریان كە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی خۆی وەك "هاوەڵی شاجوانی كوردستان و بازرگان و مۆدێل" ناساندووە، ماوەیەكە بە ئاشكرا بانگەشە بۆ فرۆشتنی پێست و چەرمی ئاژەڵ دەكات، لە كاتێكدا ئەم جۆرە بازرگانییە لە 41 وڵاتی دنیادا قەدەغەیە و بە قێزەونترین بازرگانی لێك دەدرێتەوە. لە بەرانبەردا گرووپی ئاژەڵدۆستی كوردستان، هۆشداری بە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار دەدەن.

میریان قادر دووەم هاوەڵی شاجوانی كوردستان لە 2019، لە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی شاجوانێتیدا تاجی هاوەڵی دووەمی خرایە سەر، چەندان پڕۆژە و چالاكیی ئەنجام داوە.

میریان لە كارێكی نوێیدا رای گەیاند، "پۆشاك و پێدوایستییەكان لە پێست و چەرمی ئاژەڵی زیندوو دروست دەكەم". ئەمەیش بەپێی یاسا لە 41 وڵاتی دنیا بە "بازرگانییەكی قێزەون" و قەدەغەكراو هەژمار دەكرێت.

میریان كە ئەو كارە نایاساییە وەك "شانازی و براند" لە لای خۆیەوە لەیەك دەداتەوە، رووبەڕووی كاردانەوەی توندی مرۆڤدۆست و ئاژەڵدۆستانی كوردستان بووەتەوە، بۆیە ناچار بوو، كۆمێنتی پەیجەكەی دابخات.

ئەمڕۆ چوارشەم 26ی كانوونی دووەم، میران شیروان بەڕێوەبەری گرووپی ئاژەڵدۆستی لە كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "میریان خاتوونە مۆدێلی كورد، بازرگانییەكی ناشیرین و قێزەون دەخاتە بازاڕەكانی كوردستانەوە، داوا لە خەڵك دەكات پۆشاكە گرانبەهاكەی بكڕن كە لە زێڕ و پێستی ئاژەڵ دروست كراون".

ئەو ئاژەڵدۆستە ڕوونی كردەوە، "ئەم خاتوونە پێی وایە ئاژەڵ دار و تەختەن و مافی ژیانیان نییە، لە كاتێكدا لە هەموو دنیادا ئەم بازرگانییە قەدەغەیە، بۆیە داوا لە حكوومەت و لایەنی پێوەندیدار دەكەین بە زووترین كات ئەم جۆرە بازرگانییە بوەستێنن، بەهۆی ئەوەی قەدەغەیە و بۆ ناوبانگی كوردستانیش باش نابێت لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا".

"بیهێننە بەر چاوتان كاتێك ڕێوییەك دەكوژن و بەرگەكەی بۆ تۆ دەكەن بە چاكەت تا لەسەر شانی بكەی و بۆ وێنەیەكی ئینستاگرام خۆتان دەربخەن، ئەمە مرۆڤایەتی تێدا نییە و كارێكی زۆر قێزەون و بێ ویژدانییە، بۆیە بەداخەوە ئەگەر لەم بیركردنەوە ناشیرینەدا بژین، كەواتە هێشتا لە ئاستی مرۆڤایەتیدا نین و كێشە و گرێی دەروونیمان هەیە" میران شیروان وا دەڵێ.

ئەوەیشی گوت، "كەمپینی (#نا_بۆ_پۆشینی_بەرگی_ئاژەڵان)مان ڕاگەیاندووە، هەروەها لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كەمپینێكی تریشمان بەناوی (#نا_بۆ_بەردەوامی_میریان) ڕاگەیاندووە و بەردەوام دەبین و كاری لەسەر دەكەین، چونكە ئێمە و تەواوی ئەوانەی ویژدانیان هەیە، پێمان وایە ئاژەڵ شایانی ژیانن".




وشە - محەمەد میران