كازمی لە سنوورەكانی سووریا: هێزەكانمان ئامادەن بۆ داعش

:: PM:05:49:26/01/2022 ‌

هێرشی سەر گرتووخانەی حەسەكە لە سووریا هاوكات بوو لەگەڵ چەند هێرشێكی خوێناوی لە چەند ناوچەیەكی عێراق، ئەو هێرشانەی بوونە زەنگی مەترسی، بەتایبەتی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە لەوەی بابەتەكە لەدەستی دەربچێت و ئەوەی روو دەدات پلانێكی نێودەوڵەتی بێت بۆ زیندووكردنەوەی داعش، لەو ناوە ببێتە بەرپرسیاری ئەوەی روو دەدات.

ئەمڕۆ مستەفا كازمی لە میانی سەردانێكی بۆ ناوچەكانی پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا دووپاتی كردەوە كە سەردانەكەیان دووپاتكردنەوەی بوونێكی بەهێزی دەسەڵاتی دەوڵەتەت و هێزە چەكدارەكانی عێراق ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێك ئاسایش و ئارامی عێراق بكەنە ئامانج، راستەوخۆ ئاگەداری پەرەسەندنی رووداوەكانی ناوچەكەین و متمانەمان بە هێزەكانمان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی هەر سەركێشییەكی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ نانەوەی پشێوی و لاوازكردنی دامەزاروەكانی دەوڵەت بۆ مەبەستی تاكەكەسی. 
كازمی: تیرۆریستانی داعش تاقیمان مەكەنەوە، لە ناوخۆ دەرەوەی عێراق بەدواتانەوەین
كازمی رووی كردە داعش و گوتی، بە تیرۆریستانی داعش دەڵێم كە تاقیمان مەكەنەوە، چونكە هەوڵی زۆرتان دا و شكستتان خوارد، هەوڵیش دەدەن و شكت دەخۆنەوە، باش دەزانن لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق بەدواتانەوەین و خوێنی عێراقییەكان گرانبەهایە و باجی هەر سەركێشییەك دەدەن كە كردووتانە، وەك ئاماژە بۆ هێرشی بەرەبەیانی هەینی رابردوو لە ناوچەی عوزێم كە بووە هۆی كوژرانی 11 سەرباز و ئەفسەرێك. 

شایەنی باسە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هاوەڵی وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سەربازی و تەناهی عێراق سەردانی پشتێنەی سنووری عێراق لەگەڵ سووریای لە سنووری پارێزگای نەوا كرد، بۆ ئاشنابوون بە تۆكمەیی رێوشوێنەكانی تەناهی لەو سنوورانە وەرگیراون.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل