گۆرانیبێژی لاو میران عه‌لی ئاشكرای كردووه، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ نوێترین به‌رهه‌می به‌شێوه‌ی كلیپ به‌ناوی "مه‌گه‌ڕێ" بڵاو ده‌كاته‌وه. هاوكات ئاماژه‌ی كردووه كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی له به‌رهه‌مه‌كانی پێشتری جیاوازتره و كارێكی ناوازه ده‌بێت له ناو هونه‌ری كوردیدا.
گۆرانیبێژ میران عه‌لی له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕای گه‌یاندووه، "ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 27ی كانوونی دووه‌م، سه‌عات حه‌وتی ئێواره، به‌رھه‌مێكی تایبه‌ت و جیاواز بڵاو ده‌كه‌مه‌وه، بۆیه چاوه‌ڕێبن دڵنیام زۆر به‌دڵتان ده‌بێ".
به‌رهه‌مه نوێیه‌كه‌ی میران، كلیپێكه به‌ناوی "مه‌گه‌ڕێ"یه، تا ئێسته هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر ئاشكرای نه‌كردووه. شایانی باسه كۆتا به‌رهه‌می ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌ناوی (تۆ) بوو، به‌شێوه‌ی دوێت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ڕۆژین گوتبووی و ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.
میران عه‌لی له‌دایكبووی ساڵی 1995ه‌وه و خه‌ڵكی شاری سلێمانییه، سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌شداریكردنی له پرۆگرامی "خۆشترین ده‌نگ"ی كه‌ناڵی NRT2، چه‌ندان كلیپی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، له‌گه‌ڵ كلیپی دوێت، خاوه‌نی هه‌وادارێكی زۆره و گۆرانییه‌كانی بینه‌رێكی زۆریان هه‌یه، جگه له‌وه‌یش گۆرانی به زاراوه‌ی كرمانجی هه‌یه. به هه‌ردوو كلیپی "سلێمانی" و "خۆشم ده‌وێی" ناوبانگێكی زۆری په‌یدا كرد.