داهات و باجی وەزارەتی كشتوكاڵ زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینارە

:: PM:07:50:19/03/2017 ‌
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە ساڵی 2016 زیاتر لە 100 ملیار دینار داهاتی هەبووە لە وەرگرتنی باج و ڕسومات، هەروەها لە ئێستادا كاركردن لە چەند بەنداوێكی گڵدانەوەی ئاو دەستی پێكردۆتەوە بۆ تەواو كردنیان.

ئەمڕۆ یەكشەم عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، یەكێك لەكارەكانی ئەوان زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵیه‌ بەڕێژەیەكی بەرچاو و كەمبوونەوەی هاوردە كردنی بەرهەمی دەرەكی و دانانی باج و ڕسوماتە لە سەر ئەو بەرهەمانە بە شێوەیەك كە داهاتی باج و ڕسوماتی ساڵی ٢٠١٦ زیاتر لە ١٠٠ ملیار دینار بووە.

سەبارەت بە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت، لە ئێستادا هەرێمی كوردستان خاوەنی ١٧ بەنداوە كە سێ لەو بەنداوانە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا دروست كراون و ٢٠ بەنداوی تریش لە ئێستادا لە جێ بەجێ كردندان و دیزاینیان بۆ كراوە و بەهۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانیان بە سستی بەڕێوە دەچێت.

وەزیری كشتوكاڵ ئاشكرای كرد، بۆ تەواو كردنی هەشت لەو بەنداوانە كە زیاتر لە ٨٠%ی كارەكانیان تەواو بووە بڕی ١١ ملیار دیناریان بۆ تەرخانكراوە و لەمساڵدا كارەكانیان تەواو دەبێت و بڕیاریشە لەمەودوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بە دروستكردنی بەنداو بدات. 


وشە - رامیار جەواد