سۆران: كچە مامۆستایەك گیانی لەدەستدا

:: PM:10:10:19/03/2017 ‌
لە رۆژانی رابردوودا، كچە مامۆستایەكی شارۆكەی سۆران لە رووداوێكی نادیاردا سووتا و ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئاداری 2017 گیانی لە دەستدا.

ملازمی یەكەم شێروان خالید بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی ئافرەتانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند"سه‌عات 5ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەم 9ی ئاداری 2017 ئاگادار كراینەوە لە رووداوی سووتانی كچێك بەناوی (ر، س، ع) تەمەن 30 ساڵ  پیشە مامۆستا و دانیشتووی گەڕەكی (ب)ی شارۆكەی سۆران.
 
ملازم شێروان ئاشكرای كرد" بەپێی زانیاریەكان بەهۆی بەكارهێنانی نەوتی سۆپا ئاگر لە جەستەی بەربووە، رێژەی سووتانی 50% بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێر كراوه‌، بەهۆی زۆری رێژەی سووتانی ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئاداری 2017 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا".


خالید هه‌روه‌ها گوتی، گوته‌ لە كچە مامۆستاكە وەرگیراوە و سكاڵای لە دژی كەس تۆمار نەكردوە و بەقسەی خۆی رووداوەكە "قەزا و قەدەر" بووە.

بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی ئافرەتانی سۆران په‌ڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رووداوەكە كردۆتەوە و بە وردی لێكۆڵینەوە لە سەر سووتانی كچە مامۆستاكە دەكەن، ملازمی یەكەم شێروان خالید بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی ئافرەتانی سۆران وای گوت.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی توند و تیژی ئافرەتانی سۆران كە بۆ "وشە" نێردراوە، لە ساڵی نوێی 2017ەدا  تەنها لە سەنتەری شارۆكەی سۆران 17 رووداوی سووتانی ئافرەتان تۆمار كراوە و بەشێكی زۆریان گیانیان لە دەستداوە. 

سۆران : موڕشید برادۆستی 


وشە - عه‌لی سدیق