دەستەی مافی مرۆڤ روونکرنەوە لەسەر گرتە ڤیدیۆکەی زاخۆ دەدات


چەند ڕۆژێكە گرتە ڤیدیۆیەكی خێزانی لە شاری زاخۆ بڵاو بۆتەوە كە تیایدا هاوسەرێك سووكایەتی بە ژنەكەی خۆی دەكات، گوایە پێش ئەوەی بیخوازێ‌ ژن بووە، گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمیش داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە پێناو پاراستنی شكۆی ئەم ئافرەتە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دا گرتە ڤیدیۆیەكە بڵاو نەكەنەوە.

محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند : ئەو گرتە ڤیدیۆیەی ماوەی چەند ڕۆژێكە لە پەیج و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بۆتەوە هەموومانی نیگەران كردوە و لایەنی پێوەندی دار لە حكومەت، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بئەرکە یاساییەکانیان جێبەجێ کردوە و هاوسەر و برای هاوسەری ئەو ژنە ماوەی ساڵێك زیندانی كراون.

ڕونیشی دەكاتەوە، ڕووداوەكە كۆنە و هی ئێستا نیە لە 20ی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو ڕووی داوە و دوای پشكنینی پزیشكی دەركەوتووە كە ژنەكە سەلامەتە و لە لایەن پیاوەكەی  بوختانی بۆ كراوە و ئێستاش لە ماڵی باوكیەتی و سەڵامەتە لە ڕووی جەستەییەوە، بەڵام لە ڕووی دەروونیەوە باش نیە.

گوتەبیژی دەستەی مافی مرۆڤ داوا لە هەموو هاووڵاتیان دەکات، لە پێناو هەستی مرۆڤایەتی و گەڕانەوەی شكۆمەندی بۆ ئەو ئافرەتە داوا لە هەموو هاوڵاتیان دەكەم ئەم گرتە ڤیدیۆیە بلاو نەكەنەوە لای خۆیان  چونكە بابەتەكە لە ڕووی یاساییەوە یەكلایی بۆتەوە و بكەرانی ئەم كارە قێزەونە كە هاوسەر و برای هاوسەری ئەو ژنەیە، دادگایی كراون  و ئێستا لە زیندانن.

هەولێر/هێمن ڕەفیق


وشە - هیدایه‌ت جان


AM:11:48:20/03/2017




ئه‌م بابه‌ته 1159 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌