هاوشێوەی ناوچەكانی تری كوردستان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بە گێڕانی ئاهەنگ و كردنەوەی ئاگر جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێی كوردی پیرۆز كرا، هاوكات پێشمەرگەش لەبەرەكانی جەنگ ئاگری نەورۆزی كردەوە.
ئەنوەر عەبدوڵقادر، بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشت و گوزاری گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو نەورۆزێكی جیاواز لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەرێوە دەچێ و بەرێوەبەرایەتیەكانی گەشت و گوزاری گەرمیان و شارەوانیەكانی گەرمیان و بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان هەماهەنگ دەبەن بۆكردنەوەی ئاگری نەورۆز.
زیاتر گوتی، بۆ ئەمساڵ بەسەرپەرشتی ئەو بەرێوەبەرایەتیانەی ئاماژهمان پێكردن لە (17) شارۆكە و شارەدێی گەرمیان ئاگری نەورۆز دەكرێتەوە، ئاهەنگی سەرەكی لەسەر قەڵای شێروانە دەبێ بەئامادەبوونی هەزاران هاووڵاتی ناوچەكە و سەدان گەشتیاری هاتوو بۆ دەڤەری گەرمیان.
لەلایەكی ترەوە، چالاك نەجم، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی 2 رۆژە بانگەواز دەكەین كەس تایە بەكار نەهێنێ بۆ سووتاندن بۆ ئەوەش پۆلیس هەماهەنگ بووە لەگەڵمان.
هاوكات هەر ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی قەرەتەپە و جەلەولا و خورماتوو ئاگری نەورۆزیان كردەوە.
گەرمیان: سەبری هۆرینی.