توران خدر: هەزار مووچەخۆری ناشایستەمان لە چاودێری خێزان سڕیەوە

:: PM:01:55:21/03/2017 ‌


توران خدر عیسا بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران لە دیدارێكی "وشە"دا رای دەگەیەنێت، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا 10 هەزار مووچەخۆری كەمئەندام و چاودێری خێزان هەن. سەتان كەسیش بەشدارییان لە پرۆسەی بایۆمەتریدا نەكردووە و ئەگەری بڕینی مووچەكانیان هەیە. توران ئاماژە بەوە دەكات كە خێزان هەیە چەند كەسێكی كەمئەندامن، بەڵام هیچ مووچەیەك وەرناگرن و خەڵكی تریش بە ناشایستەیی مووچەیان پێ دراوە.

چەند كەمئەندام و چاودێری خێزان لە دەڤەری سۆراندا هەن؟

لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان كە هەر چوار شارۆكەی سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان دەگرێتەوە، شەش هەزار و 347 كەمئەندام هەن، سوودمەندانی چاودێری خێزانیش سێ‌ هەزار و 494 كەسن كە مووچە وەردەگرن، بەڵام ئێستە بە بڕیارێك مووچەكانییان راگیراوە.


بۆچی مووچەی چاودێرانی خێزان راگیراوە؟

ماوەی دوو ساڵە مووچەی چاودێری خێزان لە هەموو كوردستان راگیراوە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە بەهۆكاری هەبوونی دوو مووچەیی، مووچەكانیان راگیراوە، بەڵام دوای پرۆسەی بایۆمەتری و ئاشكراكردن و یەكلاكردنەوەی ئەوانەی دوو مووچەیان هەیە، ئەوانەی شایستەبن مانگانە وەك پێشتر مووچەكانیان وەردەگرن كە بڕی 150 هەزار دینارە، پێویستە وەزارەت هەوڵی زیاتر بدات بۆ گەڕاندنەوە و پێدانی مووچە بە چاودێرانی خێزان كە بەڕاستی كەسانی زۆر پێویستی تێدایە.



دەنگۆی بچووكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتیی سۆران هەیە، ئەوە راستە؟

سۆران شارۆكەیەكی فراوانە و زیاتر لە 200 هەزار دانیشتووی هەیە و قوربانی زۆری داوە، ناكرێ لەگەڵا هیچ شارۆكەیەكی تر بەراورد بكرێ، سۆران پێویستی بە هاوكاری زیاترە و ئەركی حكوومەتە خزمەتی زیاتری ئەو دەڤەرە بكات، لەگەڵ ئەوەدا نیم سۆران بچووك بكرێنەوە و داودەزگاكانی لە بەڕێوەبەرایەتییەوە بۆ بنكە كەم بكرێنەوە و قابیلی قبووڵ نییە.


پرۆسەی بایۆمەتری سوودمەندانی چاودێری خێزان و كەمئەندامانی گرتووەتەوە؟

بێگومان هەر كەسێك مووچە لە حكوومەت وەربگرێت، دەبێ بایۆمەتری ئەنجام بدات، بایۆمەتری ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات كە دوو مووچە وەردەگرن، لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران زیاتر لە 450 كەسی چاودێری خێزان فۆڕمیان لای ئێمە وەرگرتووە، بەڵام بەشداری پرۆسەی بایۆمەترییان نەكردووە، هاوكات 190 كەمئەندامیش بایۆمەترییان ئەنجام نەداوە، ئەوە لە كاتێكدایە پڕۆسەی بایۆمەتری لە یەكی ئاداری 2017 هەڵگیرا و ئەگەری هەیە مووچەی ئەو كەسانە ببڕێت كە بایۆمەترییان نەكردووە.


ماوەیەك بەر لە ئێستە ژمارەیەكی زۆری سوودمەندانی چاودێری خێزان مووچەكەیان بڕا، بۆچی؟

لە ساڵانی رابردوو خەڵكانێكی زۆر وەك چاودێری خێزان دامەزران كە ژمارەیان چوار هەزار و 445 كەس بوو، دوای بەدواداچوونی ئێمە و پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە چاودێری خێزان، نزیكەی هەزار كەس بەهۆی ناشایستەیی و نەگرتنەوەی مەرجەكانی چاودێری خێزان ناویان رەش كرایەوە، ئێستە سێ‌ هەزار و 494 كەس سوودمەندی چاودێری خێزانن لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سۆران.


دەگوترێت خەڵك بە پشتگیریی حزب لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری كۆمەڵایەتی سۆران وەك سوودمەندبووی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی دانراون؟

دەنگۆیەكی زۆر خراپ لەسەر سۆران بڵاو بووەتەوە گوایە لەو دەڤەرە زۆر كەسی ناپێویست سوودمەند كراون، بەڵام ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستی و هیچ بنچینەیەكیان نییە، دوای پرۆسەی بایۆمەتری ئەنجامی هەموو شوێنەكان دەبینین ئاخۆ سۆران ستەمیشی لێ كراوە و كەسانێكی شایستەیش تا ئێستە نەكراونەتە مووچەخۆر، هیچ كەسێكیش بە پشتگیریی حزبی دانەمەزراوە و دەستێوەردانی حزب لە بەڕێوەبەرایەتی ئێمە نییە و هەموو كارەكان بەپێی یاسا و رێنوێنی جێبەجێ دەكرێن.


خێزان هەیە چوار كەسی كەمئەندامە و هیچیان مووچە وەرناگرن، بۆچی؟

كەمئەندامانی دەڤەری سۆران چاوەڕوانی بڕیارێكی حكوومەتن كە دابمەزرێن، راستە خێزان هەیە چوار كەمئەندامی هەیە و بێ بەشن لە مووچەی كەمئەندامی، لە نزیكەوە ئاگادارم و ژیانێكی زۆر قورس دەگوزەرێنن، بەڵام بەهۆی راگیرانی دامەزراندن هیچمان لە دەست نایەت، هیوادارم بەرنامەی دامەزراندنی كەمئەندامان زوو دەست پێ بكات.


دەگوترێ زۆر كەسی ناپێویست لە بەڕێوەبەرایەتیی ئێوە وەك چاودێری خێزان دامەزراون؟

بۆ مووچە هەموو خەڵك ویستی هەیە كەسە نزیكەكانی دابمەزرێن، ئەوجا بەرپرس بێت یا كەسانی كەمدەرامەت، رەنگە ژمارەیەك خەڵكی ناپێویست مووچە وەربگرن، ئەوەش تایبەت نییە تەنیا بە سۆران و لە هەموو شوێنەكانی تریش ئەو حاڵەتە هەیە، بەڵام لەگەڵ سیستەمی بایۆمەتری و ئەو لیژنانەی لە داهاتوو پێك دێن، ئەو كەسانەی ناشایستەن ناویان رەش دەكرێتەوە، زۆر شەرمە ئەو كەسانەی شایستە نییە و باری ئابوورییان باشە، چاویان لە 150 هەزاری چاودێری خێزان بێت.


زیاتر لە هەزار داوا بەمەبەستی سوودمەندبوون لە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی پێشكەش بەئێوە كراوە، بۆچی تا ئێستە ناویان نەگەڕاوەتەوە؟

زۆر خەڵكی شایستە هەن ئاگادارین هەموو مەرجەكانی وەزارەتی كار دەیانگرێتەوە وەك چاودێری خێزان و كەمئەندام تۆمار بكرێن، داواكاریشیان پێشكەشی ئێمە كردووە كە زیاتر لە هەزار كەس دەبن و ئێمەش داواكارییەكانی ئەوانمان بەرز كردووەتەوە، بەڵام دامەزراندن راگیراوە تا پرۆسەی بایۆمەتری كۆتای دێت، ئەوكات حكوومەت بڕیار لە دامەزراندنی ئەو خەڵكە دەدات، دەڤەری سۆران مافی تەواوی پێ نەدراوە بەتایبەت لە كەمئەندامان، خەڵكانێكی زۆر شایستە هەن مووچەیان نییە، خەڵكێكی زۆر هەژار و كەمدەرامەت بەهەمان شێوە تۆمار نەكراون .


كەمئەندامان دەتوانن بەو بڕە مووچەیە ژیان بگوزەرێنن؟

مووچەی كەمئەندامان پێشتر 150 هەزار دینار بوو، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی مووچەكانی ئەوانیش بۆ 90 هەزار دینار كەم كراوەتەوە و هیچ كەسێك ناتوانێت بە تایبەت كەمئەندامان بە 90 هەزار دینار بژین. بەرنامەمان هەیە پشكنینی تەواوی كەمئەندامان بكەینەوە، دوای پشكنین مووچەكانیان وەك پێشتر دەكرێتەوە 150 هەزار دینار. لە ئایندەیەكی نزیك دووبارە كەمئەندامان لیژنە دەبینن و هەر كەمئەندامێك دەبێت رێژەی كەمئەندامی 65% بێت، بە پێچەوانەوە بەبڕیاری حكوومەت بە كەمئەندام هەژمار ناكرێت و مووچەی لێ دەبڕێ كە بەڕاستی بەبڕوای من ئەو رێژەیە گەلێك زۆرە، دوای لیژنەش بڕیار هەیە مووچەی كەمئەندامان زیاد بكرێ و كەمترین مووچەیان 230 هەزار دینار بێت.

وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێم خەڵكی دەڤەری سۆرانە، ئێوە لێی رازین؟

ئەگەر باری ئابووریی حكوومەتی هەرێم وەك ئێستە نەبووایە، دەتوانرا چارەسەری زۆر كێشە و گرفت بكرێت، بەڵام بارودۆخی ئابووری خراپە، لەگەڵ ئەوەی هیچ شتێكیش لە ماوەی دەست بەكاربوونی وەزیر بۆ دەڤەری سۆران نەكراوە و كەس دانەمەزراوە، بەڵام جێی گلەیی نییە، بەڵام پێویستیشە وەزیر بەرامبەر بە سۆران و دەڤەرەكەی خۆی باشتر بێت.

وشە/ سۆران- مورشید برادۆستی



وشە - تایبه‌ت