عیراق پارەی گەنمی بۆ دابین ناکرێ
لەمەودوا بەرامبەر بەشە ئاردی مانگانە پارە لە خەڵک وەردەگیرێت

:: AM:11:57:24/03/2017 ‌

بەڕێوەبەری ئاشەکانی هەرێم رای دەگەیەنێت، حکومەتی ناوەندی پارەی دابینکردنی گەنمی هاوڵاتیانی نییە و ئەگەری ئەوە زۆرە لەبری دابینکردنی بەشە ئاردی مانگانەی هاوڵاتیان پارەیان لی وەربگیرێت. ئەوە لە کاتێکدایە ئەو ئاردەی حکومەتی عێراق لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دابەشی دەکات کوالیتی نزمە و هاوڵاتیان زۆر بە کەمی بەکاری دەهێنن.

 نەسرین محەمەد بەرێوەبەری گشتی ئاشەکانی ھەرێم بە میدیاکانی راگەیاندوە، حکومەتی عیراقی گەنمی پێویستی لەبەردەستدا نییە و پارەی ئەوەندەشی نییە بەشە ئاردی تەواو بۆ ھاوڵاتیان دابین بکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەبەرامبەر پێدانی ھەر یەک فەردە ئاردا بڕی دوو هەزار و 500 دینار لەھاوڵاتیان وەربگیرێت.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ھەر بریکارێک بڕی دوو ھەزار دینار دەداتە ئاشەکان لە بەرامبەر ھاڕینی گەنم و گواستنەوەی و کاتێک کە ئاردەکە دەدرێتە ھاوڵاتیان، بریکارەکە بۆ یەک فەردە ئارد دوو هەزار و 500 دینار لە ھاوڵاتیانوەردەگرێتەوە.

دووپاتیشی دەکاتەوە، تائێستا وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە نەخراوەتەوە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەو شێوازەی ئێستا بێت، لە بەرامبەر پێدانی بەشە ئاردی مانگانەدا ئەو بڕە پارەیە وەردەگیرێت، هەرچەند لە ئێستادا دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی شوبات بەردەوامە و ھەر 45 رۆژ جارێک دەست بە دابەشکردنی ئەو بەشە خۆراکە بەسەر ھاوڵاتیاندا دەکرێت.


وشە - هیدایه‌ت جان