بە هۆی گرتە ڤیدیۆی توندڕۆكان زیانی گەورە بەر گووگڵ دەكەوێت

:: PM:04:01:26/03/2017 ‌

كۆمپانیای گووگڵی ئەمەریكایی بە یەكێك لە خراپترین هەفتەكانی مێژووی كاركردنی خۆیدا تێپەڕی، ئەمەش بە هۆی هەستانی ژمارەیەك لە ماركە بازرگانییە ناسراوەكان، بە كشاندنەوەی بڵاوكراوەكانیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی یوتیوبی سەر بە گووگڵ.

ژمارەیەك لە گەورەترین كۆمپانیا و براندە جیهانییەكانی وەك ڤێریزۆن، پیپسی، وۆڵ مارت و چەند كۆمپانیایەكی بە كرێدانی ئۆتۆمبێل، هەستان بە كشاندنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی نیشانە و هێمای ئەوانی تێدا بوو و پێشتر لە یوتیوب بڵاو كرابوونەوە، ئەمەش بە هۆی هەبوونی هەندێك گرتەی ڤیدیۆیی و بڵاوكراوەی توندئاژۆیانە لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەدا.

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، كشاندنەوەی گرتە ڤیدیۆكان لەلایەن كۆمپانیاكانی پیپسی و ڤێریزۆن بە هۆی بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەكی بانگخوازی میسڕی وەجدی غەنیم و حەنیف قوڕەیشیی پاكستانییە، كە كەسانی توندئاژۆن و ئەوەی یەكەمیان لەلایەن ئەمەریكاوە كەسێكی قەدەغەكراوە.

هاوكات گوتەبێژێك بە ناوی كۆمپانیای "AT&T"ی تایبەت بە پێوەندییەكان رای گەیاند، ئەوان هەست بە نیگەرانییەكی قووڵ دەكەن، لە كاتێكدا كە بڵاوكراوەكانیان لەگەڵ بڵاوكراوەگەلێكدا كە پەرەپێدەری تیرۆر و رقن لە هەمان پێگەی ئەلیكترۆنیدا بڵاو ببنەوە، هەر بۆیە بڵاوكراوەكانیان كشاندووەتەوە.

سەرچاوە/ سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی