عه‌بدولقادر جاف پزیشكی ڤێتێرنه‌ری و راوێژكاری پێشكه‌وتوو، له‌دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ "وشه" باس له نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون ده‌كات و پێی وایه، مه‌ترسییه‌كه ئه‌وه‌نده‌ش گه‌وره نییه له میدیادا باس ده‌كرێ، هه‌رچه‌نده هێشتا ئه‌مساڵ له كوردستاندا هیچ حاڵه‌تێكی تۆمار نه‌كراوه.
تای خوێنبه‌ربوون چییه؟
تای خوێنبه‌ربوون نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسییه كه به "كۆنغۆ كریمهن"یش ناسراوه، یه‌كێكه له نه‌خۆشییه مرۆژه‌ڵییه‌كان كه ھاوبه‌شه له نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵدا. له كۆمه‌ڵه‌ی RNA (Hemorrhagic Virus). . ئه‌م نه‌خۆشییه له زۆربه‌ی وڵاتان به‌ربڵاوه و خه‌ڵكێكی زۆر تووشی ده‌بن.
هۆكاره‌كانی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه چین؟
ھۆكاره‌كه‌ی جۆره مێرووییهكه وه‌ك گه‌نه و مێشووله، هه‌روه‌ها شه‌مشه‌مه‌كۆیره، مشك و جورجیش رۆڵیان هه‌یه، له وه‌رزی ھاوین و به‌ھاردا ئه‌م مێرووه زۆر ده‌بێت، به‌شێك له سوڕی ژیانی ئه‌م ڤایرۆسه له ناو له‌شی گه‌نه‌دا ته‌واو ده‌بێ.
ڤایرۆسه‌كه چۆن ده‌گوازرێته‌وه بۆ مرۆڤ؟
راسته‌وخۆ نه‌خۆشییه‌كه له رێی ئاژه‌ڵی ھه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ مرۆڤ، به ھۆی مامه‌ڵه و به‌ركه‌وته‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵه‌كانی وه‌ك مه‌ڕ، بزن، ره‌شه‌وڵاخ، سه‌گ و پشیله. هۆكاری تریش هه‌ن كه له رێی گۆشتی كاڵ و خوێنه‌وه، به‌ھۆی ئه‌و گه‌نه‌یه‌ی كه ڤایرۆسه‌كه سوڕی ژیانی خۆی تێدا ته‌واو كردووه، ده‌گوازرێته‌وه.
له ئاژه‌ڵاندا ھیچ نیشانه‌یه‌ك نییه و ته‌نیا ھه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كه‌یه
نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه چین؟
له ئاژه‌ڵاندا ھیچ نیشانه‌یه‌ك نییه و ته‌نیا ھه‌ڵگری نه‌خۆشییه‌كه‌یه، به‌ڵام نیشانه‌كانی له مرۆڤدا پاش چوونه ژووره‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه، به‌نده له‌سه‌ر بڕ و ژماره‌ی ڤایرۆسه‌كه و به‌رگریی كه‌سی تووشبوو، نیشانه‌كانیشی ئه‌مانه‌ن، تای به‌رز، بێھێزی و سه‌رئێشه، ئازاری ماسولكه و ئێسك، سكچوون و رشانه‌وه، ھه‌ندێ جار له قۆناغی كۆتادا خوێنبه‌ربوون ڕوو ده‌دات، له‌ناو په‌رده‌ی لووت و گوێ و چاو و كۆم، هه‌روه‌ها له شێوه‌ی خاڵی سوور و په‌ڵه‌ی سووری گه‌وره‌ش له‌سه‌ر له‌ش ده‌رده‌كه‌وێت.
چۆنیه‌تیی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ره‌كه‌ی چین؟
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ره‌وه تا ئێسته ھیچ ڤاكسینێكی سه‌ركه‌وتووی نییه، تاكه چاره‌سه‌ری سه‌ركه‌وتووی ئه‌وه‌یه به ڕژاندن و پڕژاندنی ده‌رمانه قڕكه‌ره‌كانی وه‌ك ده‌رمانی ده‌لتا میسرین Delta methrin و به شووشتنه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ له وه‌رزی به‌ھاردا، رژاندنی شوێنی پهچهكانیان به ھه‌مان ده‌رمان، یه‌كێكه له رێیه گرنگه‌كانی خۆپاراستن، وا باشه رێگری بكرێ له سه‌ربڕینی نایاسایی ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌رشه‌قام و كۆڵانه‌كان به له‌ده‌ستكردنی ده‌ستكێش و جزمه و چاویلكه.
ئه‌وانه‌شی تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌بن بریتین له "پزیشك و كارمه‌ندانی ڤێتێرنه‌ری، خاوه‌ن ئاژه‌ڵ، قه‌ساب، ئه‌و ئافره‌ته‌ی له ماڵه‌وه گۆشته‌كه دهجنێت، پزیشك و په‌رستیار و كارمه‌ندی تاقیگه كه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤی نه‌خۆش ده‌كه‌ن له نه‌خۆشخانه‌دا.
پێشتر له كوردستان بڵاو بووه‌ته‌وه؟
به‌ڵێ زۆر ساڵ له وه‌رزی به‌ھار و ھاوین و سه‌ره‌تای پایز له كوردستاندا بڵاو بووه‌ته‌وه، ئه‌مساڵ له كوردستاندا تۆمار نه‌كراوه، ته‌نیا له پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق وه‌ك مووسڵ و زیقار و ئه‌نبار تۆمار كراوه.
چ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه؟
ئه‌و مه‌ترسییه‌ی نییه كه له ڕاگه‌یاندن و سۆشیال میدیا بڵاو ده‌بێته‌وه، یه‌كجار وا نییه، با خه‌ڵكی خۆمان نه‌ترسێنین، به‌ڵام گرنگه ھۆشیاری هه‌بێت.
سلێمانی\ ئاسان محه‌مه‌د