رووسیا لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا هێرشی ئەتۆمی دەكاتە سەر ئەوروپا

:: PM:11:56:30/04/2022 ‌

ناوە ناوە رووسیا باسی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهان یان بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی لە شەڕی ئۆكراینا دەكات، ئێستە ئەمەریكا و ئەوروپا بەتەواوەتی پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكەن، كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی حكوومەتی رووسیا لە بەرنامەیەكدا قەبارەی ئەو وێرانكارییە وێنا دەكات كە لە ئەنجامی وەشاندنی گورزێكی ئەتۆمی رووسیا بۆ ئەوروپا دروست دەبێت.

بەرنامەی تەلەڤزیۆنێكی حكوومەتی رووسیا چۆنیەتی وەشاندنی گورزێكی ئەتۆمی رووسیای بۆ سێ گەورە پایەتەختی ئەوروپا پێشان دا، دووپاتی كردەوە كە لەو هێرشانەدا كەس رزگاری نابێت، ئەوەیش لە چوارچێوەی جەنگی دەروونی رووسیا لە دژی وڵاتانی ئەوروپا كە لەوەتەی جەنگی دووەمی جیهانییەوە هەوڵیان داوە جەنگ لەناو ماڵی خۆیان دوور بخەنەوە.

بیرۆكەی بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكە لە وەڵامدانەوەی لێدوانێكی بن واڵاس، وەزیری بەرگری بەریتانیا دێت، كە تیایدا پاڵپشتی لە بۆردمانكردنی ئۆكراینا بۆ ژێرخانی رووسیا كرد، كاتێك لە بەرنامەی "60" خولەكی كەناڵی یەكی رووسی، ئامادەبووانی بەرنامەكە ئاماژەیان كرد كە ئەگەری هەیە هەریەك لە لەندەن و پاریس و بەرلین بكرێنە ئامانجی مووشەكەكانی هەڵگری كڵاوەی ئەتۆمی رووسیا.    


ئەلیكسی زۆراڤلیۆڤ، سەرۆكی حزبی رۆدینای نەتەوەپەرستی رووسی كە مێوانێكی بەرنامەكە بوو، بیرۆكەی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن رووسیا لە دژی بەریتانیا خستە روو، مێوانێكی تری بەرنامەكە ئاماژەی كرد كە بەریتانیایش چەكی ئەتۆمی هەیە، بۆیە كەس لەو جەنگە رزگاری نابێت، دوای ئەوە بەرنامەكە نەخشەیەكی پێشان دا باسی ئەگەری هەڵدانی مووشەكی لە كالیننگراد، ئەو ناوچە رووسیەی كەوتووەتە نێوان پۆلەندا و لیتوانیا و دەریای بەلتیك كرد بەرەو هەرەیك لە بەریتانیا و فڕەنسا و ئەڵمانیا.   

لە میانەی بەرنامەكە باسی ئەوە كرا كە دەكرێ ئەو مووشەكانە لە ماوەی 202 چركە بگەنە لەندەن و بە 200 چركە بگەنە پاریس و بە 106 چركەیش بگەنە بەرلین. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل