سەركردەیەكی سەربازیی یەكێتی.. قبووڵ ناكەم ئامۆزاكه‌م له‌ پۆست لاببرێت

:: PM:09:01:26/03/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی ناوه‌ندی یەكێتی كە سەركردەیەكی سەربازیی ئەو حزبەشە لە ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر لابردنی قائیمقامی سەیدسادق دەڵێت، قبووڵی ناكەم ئامۆزاكەی پۆستی قایمقامیەتی سەیدسادقی لێ بستێندرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك روونكردنەوەیەكی بڵاو كرده‌وه‌ و تیای دا رای گه‌یاند، بۆ لابردنی قائیمقامی سەیدسادق چونكە ئامۆزای منە، گروپێكی نێو یەكێتی بۆ شكاندنی من ئەو كارە دەكەن، بۆیە قبووڵی ناكەم لاببرێت.

سەراوی لە ڕوونكدرنەوەكەی دەڵێت، تا ئێمە یەكێتی بین بریاری لەو جۆرە قبووڵ ناكەین، چونكە دڵنیابن ئەمە جگە لە تۆڵە سەندنەوە لە سەر هەڵوێستەكانی پێشوومان هیچی تر نییە.

لە ڕوونكردنەوەكەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی هاتووە، ئەگەر بریارە گۆرانكاری لە پۆستەكانی حزب و حكوومەت بكرێت، بەو میكانیزمە بێت كە ئەنجوومەنی سەركردایەتی بریاری لە سەر دەدات، من بەو بریارە دەستە جەمعیە رازیم، بەڵام لە لایەن گروپێكی ناو یەكێتییەوە بێت، بۆ شكاندنی شەخسی من ، كە لە بەر ئەوە قائیمقام ئامۆزای منە، بێن بریارێكی وەها بدەن، ئەوە دڵنیابن بە هیچ جۆرێك پابەندی بریارێكی لەو جۆرە نابم و رێگای ئەوەش نادەین.

لەماوەی ڕابردوو چەند جارێك لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی ڕەخنە لە شێوازی گۆڕانكاریەكانی ناو ئەو حزبە گیراوە و لە بەشێكی زۆری ناڕەزایەتیەكانیش باس لە گروپێكی ناو یەكێتی دەكرێت بۆ لێدانی بەرژەوەمدییەكانی چەند سەركردەیەكی یەكێتی.


وشە - رامیار جەواد