سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ ئه‌ستێره‌ی پێشووی مانچێسته‌ر سیتی و بارسێلۆنا، كاردانه‌وه‌ی لیۆنێل مێسیی ئه‌ستێره‌ی بارسێلۆنای سه‌باره‌ت به ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی نێوان ریال مه‌درید و مانچێسته‌ر سیتی ئاشكرا كرد.
شه‌وی رابردوو له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی به 3-1 گۆڵ له یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتیی ئینگلیزی برده‌وه و گه‌یشته یاریی كۆتایی، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی له یاریی چووندا به 3-4 دۆڕا بوو.
سێرجیۆ ئه‌گوێرۆ له كاتی یارییه‌كه‌ی شه‌وی رابردوو، له‌گه‌ڵ یاریزانی پێشووی ئه‌رجه‌نتین كارلۆس تێڤیز له په‌خشێكی راسته‌وخۆ له باره‌ی یارییه‌كه‌وه قسه‌یان ده‌كرد.
ئه‌گوێرۆ كه به هۆی نه‌خۆشییه‌وه وازی له یاریكردن هێناوه، ئاشكرای كرد، دوای ئه‌وه‌ی ریال مه‌درید گۆڵی دووه‌می كردووه، لیۆنێل مێسی نامه‌یه‌كی بۆ ناردووه.
ئه‌گوێرۆ گوتی: "مێسی له نامه‌كه‌ی نووسیویه‌تی "له گاڵته‌كردن بوه‌سته گه‌مژه، ئه‌وه‌ی رووده‌دات نابێت راست بێت".
وادیاره مێسییش وه‌ك زۆربه‌ی هانده‌ران و چاودێرانی تۆپی پێ، به بردنه‌وه‌كه‌ی ریال مه‌درید سه‌رسام بووه و كاردانه‌وه‌ی هه‌بووه.
ریال مه‌درید كه براوه‌ی 13 نازناوی چامپیۆنزلیگه، رۆژی 28ی ئه‌م مانگه له یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگی ئه‌م وه‌رزه له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول له پاریس یاریی ده‌كات.