دوای دوو رۆژ تەرمەكەی بە سەربڕاوی دۆزرایەوە

:: PM:06:31:11/05/2022 ‌

ئەمڕۆ پۆلیسی پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رای گەیاند كە دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی، تەرمی منداڵێكییان بە سەربڕاوی لە ناوەڕاستی شاری حلە، سەنتەری پارێزگاكە دۆزیوەتەوە، لە كەركووكیش قوتابییەك خۆی دەكوژێ و پزیشكێك هەوڵی خۆكوشتن دەدات. 

پۆلیسی ئەو پارێزگایە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەم هێزێكی تەناهی تەرمی منداڵێكی كوژراویان دۆزییەوە كە شوێنەواری سەربڕینی بە ئامرازێكی برینداركەری لەسەر بووە، منداڵەكە تەمەنی دوو ساڵ زیاتر نییە، تەرمەكەی لە حەوشی پشتەوەی ماڵێكی نزیك ماڵەكەیان لە ناوەڕاستی شاری حلە فڕێدرابوو، ئەوەیش دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی.

لەلایەكی تر سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای كەركووك رای گەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەم قوتابییەكی قۆناغی ئامادەیی تەمەن 19 ساڵ، لە ناو ماڵەكەی خۆی لە شارۆكەی خورماتوو لە باشووری كەركووك بە پەتێك خۆی هەڵواسیوە و خۆی كوشتووە، كەسوكارەكەی ئاماژەیان كرد كە ئەو بەدەست كێشەی دەروونییەوە دەیناڵاند.

هەر لە كەركووك پزیشكێكی ژن كە لە نەخۆشخانەی ئازادی كاری كردووە، لە رێگەی خواردنی بڕێكی زۆری دەرمان هەوڵی خۆكوشتنی داوە، ئەوەیش بەهۆی بوونی كێشەی خێزانی لەگەڵ هاوسەرەكەی، بەڵام بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە و رزگار كراوە، پۆلیسیش دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل