لەبەر هۆكارێكی سەیر سێ منداڵەكەی دەكوژێت

:: PM:06:42:12/05/2022 ‌

تاوان و توندوتیژی سنووربڕن و مرۆڤەكان لە هەر شوێنێكی دنیا كە لە بەها مرۆییەكەیان داماڵران، دەبنە ئامرازێك بۆ كوشتن و توندوتیژی و تاوان، ئەوان خۆیان دەكوژن یان خەڵكی تر، بە گشتی قوربانییەكە كەسانی لاواز و كەم دەسەڵاتن وەك منداڵ و ژن و پیر و كەمئەندام، لە ئەمەریكا دایكێك لەبەر هۆكارێكی سەیر سێ منداڵی دەكوژێت.

وەك رۆژنامەی "دەیلی میڵ"ی بەریتانی باسی كردووە، لە شاری لۆس ئەنجلۆسی ئەمەریكی و لە تاوانێكی قێزەوەندا، دایكێكی تەمەن 38 ساڵ سێ منداڵی خۆی كوشتووە، چیڕۆكەكە وا دەستی پێ كردووە كە كەسێك پێوەندی بە پۆلیسەوە كردووە و پێی گوتوون كە یەكشەمی رابردوو ژنە دراوسێكەیان، ئەنجیڵا دون فلۆریس، لە سەعات یەكی بەرەبەیان كتێبی پیرۆز، ئینجیل و چرایەكی بەدەستەوە بووە و هاتووەتە ماڵیانەوە. 

پۆلیس هاتوونەتە شوێنەكە و ژنەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستووەتەوە، بێ ئەوەی گومانی هیچ شتێك بكەن، بەڵام لە سەعات هەشتی بەیانی، پۆلیس ئاگەدار كراوەتەوە كە كەسێكی چەكدار لە ماڵی ئەو ژنە هەیە و بابەتەكەیش پێوەستە بە كوڕی چوارەم و 16 ساڵانەكەی ئەو ژنە، دوای گەیشتنیان پۆلیس سێ تەرمی منداڵەكانی ئەنجیلایان دۆزییەوە، ناتالی 12 ساڵ و كیڤینی 10 ساڵ و ناسانی هەشت ساڵ. 

رۆژی چوارشەم دایكەكە لەبەردەم دادگا ددانی بەوەدا نا كە سێ منداڵەكەی كوشتووە و كوڕی چوارەمی لە كارەكە یارمەتی داوە، كە كوڕەكەی ئەوەی رەت كردەوە، ژنەكە لەبارەی تاوانەكەی دەڵێت، پێم وا بوو كە هەرسێ منداڵەكەم شەیتان دەستی لێ وەشاندوون.

لای خۆیەوە جاكووبی هاوسەری پێشووی ئەو ژنە بە رۆژنامەی "لۆس ئەنجلۆس تایمز"ی گوت، بەر لە هەفتەیەك پێوەندی پێوە كردم و باسی ئاینی بۆ كردووە، ئەو لەبارەی خواوە شتی دەگوت، من نازانم چی رووی داوە و ئەو بەهیچ شێوەیەك كەسێكی ئایندار نەبووە، ئەوەو بڕیارە ئەنجیلا لە مانگی ئابی داهاتوو دادگایی بكرێ و كوڕەكەیشی لە 25ی ئەم مانگە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل