وەزارەتی رۆشنبیریی ئیسپانیا، كۆچی دوایی ناودارترین گۆرانیبێژی ئۆپراڵیی وڵاتەكەی بە دنیا راگەیاند. سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەیش پرسەی راگەیاند و خەمخۆریی خۆی لەوبارەیەوە راگەیاندووە.
پێگەی "
ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو 14ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو گۆرانیبێژی ئۆپراڵیی ئیسپانی تیریسا بیرگانسا لە تەمەنی 89 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد. وەزارەتی ئەو وڵاتە لە بەیاننامەیەكدا هەواڵەكەی بۆ هەموو دنیا راگەیاند.
سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بیدرۆ شانشیز لەبارەی مردنی تیریساوە لە تویتەری خۆی نووسیویەتی، مردنی ئەو ئۆپراڵییە زۆر ناودارەی دنیا كە دەنگی بە "میتسۆ سوپرانۆ" دەناسرایەوە، زیانێكی زۆر گەورە بوو بۆ موزیك و رۆشنبیریی ئیسپانیا، چونكە بە خاوەنی "گرنگترین دەنگی ئافرەتانی دنیا" دەناسرایەوە. بۆیە دەنگی ئەو و هونەرەكەی ناوازەكەی، تاهەتایە لە یادماندا دەمێنێتەوە.
دەستپێكی تیریسا بیرگانسا لە ساڵی 1957وە بووە كە لە فێستیڤاڵی "ئێكس ئان پرۆڤانس" بە ئۆپراڵییەك لە فڕەنسادا بەشداریی كرد و بەو بەرهەمە بووە ئەستێرەیەكی ناوداری وڵاتەكەی.
تیریسا لە زۆربەی هۆڵە گەورەكانی دنیا لە ڤیەناوە تا میلانۆ، لە پاریس و نیویۆرك و شیكاگۆ گۆرانیی ئۆپراڵیی گوتووە. هاوكات یەكەمین ئافرەتیشە كۆلیجی شایانەی هونەرەكانی لە پاریس تەواو كردووە. دواتریش دكتۆرای شانازیی لە زانكۆی كۆمبڵۆتنسی لە مەدرید پێ بەخشراوە.