پیاوان قاوە زۆر مەخۆنەوە.. بۆچی؟

:: PM:10:54:14/05/2022 ‌

یەكێك لە خواردنەوە زۆر بڵاوەكان لە دنیا قاوەیە، گرنگترین شت لەبارەی قاوەوە دەگوترێت وریاكەرەوە یان ئارامكەرەوە و خاوكەرەوە و هیتریشە، بەگشتی یەكێكە لە گیراوەكانی كافایینی تیادایە و خەڵكێكی زۆر دەیخۆنەوە، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە وا باشترە پیاوان زیادەڕۆیی لە خواردنەوەی نەكەن.

توێژینەوەكە كە ئەنجامەكانی لە گۆڤاری "ئۆین هارت"، بڵاو كراوەتەوە، باسی ئەوەی كردووە كە دەكرێ قاوە كاریگەری گەورەی بۆ سەر ئاستی كۆلیسترۆل لە لەشدا هەبێت، بەتایبەتی بۆ پیاو زیاتر لە ژن.

روونی كردەوە، خواردنەوەی رۆژانەی 3 بۆ 5 كووپ قاوە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیسترۆل، كە یەكێكە لە هۆكارە مەترسیدارەكان بۆ دروستبوونی كێشەی دڵ، ئەوەیش زیاتر لە پیاودا، وەك رۆژنامەی "دەیلی ئێكسپرێس"ی بەریتانی باسی دەكات. 

توێژەران لە زانكۆییەكی نەرویج گوتیان، قاوە چالاككەرێكی زۆر بڵاوە لە سەرانسەری دنیادا، بەو هۆیەیشەوە كە زۆر بەكاردێت، دەكرێ كاریگەری گەورە لەسەر تەندروستی دروست بكات، ئەوە لەوكاتەی توێژینەوەكانی پێشتر باسی ئەوەیان كرد كە خواردنەوەی رۆژانەی 3 كووپ قاوە، سوودی بۆ دڵ و لوولەكانی خوێن و هەستە دەمارەكان هەیە.

شایەنی باسە كۆلیسترۆل جۆری سوودبەخش و زیانبەخشی هەیە، بە گشتی مادەیەكی گرنگە بۆ لەش، بەڵام زیادبوونی جۆرە زیانبەخشەكەی دەبێتە هۆی تووشبوونی مرۆڤ بە كێشەی دڵ و لوولەكانی خوێن، كە ساڵانە ملیۆنان كەس بەو هۆیەوە گیان لە دەست دەدەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل