گۆڤاری بەناوبانگی "فۆربس" ناوی ئهو یاریزانانهی بڵاوی کردەوە، كه خاوهنی زۆرترین داهاتن له ساڵێكدا.
گۆڤارهكه ئاشكرای كرد، ئەستێرەی ئهرجهنتینی لیۆنێل مێسی لە پێشەنگی لیستی ئەو وەرزشوانانهیه، کە زۆرترین مووچە لە جیهاندا وەردەگرن.
گۆڤاری فۆربس، كه تایبهته به ئاماری داهات و كاروباری ئابووری، داهاتی مێسی بە 130 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە لە 12 مانگی رابردوودا، بەمەش مێسی بۆ دووەم جار بووە خاوەنی زۆرترین مووچە لە جیهاندا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2019 هەمان شتی بەدەست هێنا.
فۆربس ئاماژەی بەوەش کردووە، داهاتهكان، گرێبەستی وەرزشوانان لە یاریکردن، هەموو پارەی خەڵات و مووچە و پاداشتەکانیان لەخۆ دەگرێت، کە لە ماوەی 12 مانگدا بەدەستیان هێناوە، لەکاتێکدا داهاتی دەرەوەی یاریگه خەمڵاندنێکە بۆ گرێبەستی سپۆنسەری و پارهی بهكارهێنانی وێنه و دەرکەوتن و چهند بابهتێكی تر.
لیبرۆن جەیمسی ئەمریکی، ئەستێرەی یانەی لۆس ئەنجلس لەیکەرز له تۆپی باسكه، کە لە پاڵەوانیهتیی NBA بەشداریی دەکات، پلەی دووەمی بەدەست هێنا و کۆی گشتیی داهاتی ساڵانەی 121 ملیۆن و 200 هەزار دۆلاره.
لە کاتێکدا ئەستێرەی پورتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 37 ساڵان، گۆڵکاری یانەی مانچێستەر یونایتد، بە کۆی گشتیی داهاتی ساڵانە 115 ملیۆن دۆلار، له پلهی سێیهمدایه.
نهیمار دا سیلڤای بەڕازیلی و ئەستێرەی پاریس سانجێرمان لە پلەی چوارەمدایە و ساڵانە نزیکەی 95 ملیۆن دۆلاری بەدەست هێناوە، لە دوای ئەویش ستیڤن کاری یاریزانی یانەی گۆڵدن ستەیت واریرز لە خولی باسكی ئهمریكا دێت، کە داهاتی ساڵانەی 92.8 ملیۆن دۆلارە.
کیڤن دورانت، یاریزانی یانەی بروکلن نێتس، كه ئهویش ئهستێرهیهكی دیاری باسكهی ئهمریكایه، بە بڕی 92 ملیۆن دۆلار، لە پلەی شەشەمدا هات.
ههروهها ئەستێرەی ناوداری تێنس، رۆجێر فێدرێری سویسری، كه ئێسته تەمەنی ٤٠ ساڵه، داهاتەکەی گەیشتە 90 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2021 تەنیا لە پێنج پاڵەوانیهتیدا بەشداریی کردووە.
ههر له لیستهكهدا، بۆکسێنەری بەناوبانگی مەکسیکی کانێلۆ ئەلڤارێز بە کۆکردنەوەی 90 ملیۆن دۆلار لە پلەی هەشتەمدایە، دوای ئهو تۆم برادیی یاریزانی تۆپی پێی ئەمریکی دێت، بە 83.9 ملیۆن دۆلار، دواتریش یانیس ئەنتێتۆکومبۆی یۆنانی، یاریزانی باسكهی یانەی میلواکی باکسی ئهمریكی دێت، بە 80.9 ملیۆن دۆلار، كه لە پلەی دەیەمدایە.