ئەو شووتییەی سەری خێزانێكی خوارد

:: AM:12:11:16/05/2022 ‌

لە میسر تەواوی ئەندامانی خێزانێك كەوتنە ژێر تایەی شەمەندەفەرێكەوە و گیانیان لە دەست دا، كاتێك شووتییەك گلۆر دەبێتەوە سەر هیڵی ئاسنین و كوڕەكەیان ویستوویەتی بیگەڕێنێتەوە، ئەوكاتیش شەمەندەفەر تێپەڕ دەبێت، دایك و باوكی هەوڵیان داوە رزگاری بكەن، بەڵام هەموویان بوونە قوربانی.  

وردەكاری رووداوی شەمەندەفەری ئەسوان بەو شێوەیە بووە، هێزە تەناهییەكان لە پارێزگای ئەسوان زانیاریان پێ گەیشتووە بەوەی تەواوی ئەندامانی خێزانێكی پێك هاتوو لە دایك و باوك و كوڕەكەیان، لە ژێر تایەی شەمەندەفەری ئەسوان گیانیان لەدەست داوە، ئەوەیش لەكاتی هەوڵیان بۆ پەڕینەوە لە دەرچەیەكی نایاسایی.

هێزە تەناهییەكان راستەوخۆ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و بۆیان دەركەوت كە باوكە 34 ساڵییەكە و دایكە 32 ساڵییەكە و كوڕە 13 ساڵییەكەیان، كە خەڵكی ئاوایی نەهزەن، لە رووداوەكەدا گیانیان لەدەست داوە.

لێكۆڵینەوەكان دەریانخست ئەو خێزانە شووتییەكەیان لە ناوچەی سیل لە ئەسوان كڕیوە، كوڕەكەیان ئەو شووتییەی هەڵگرتووە، بەڵام لە كاتی پەڕینەوەیان لە هیڵە ئاسنینەكە لێ كەوتووەتە خوارەوە، ئەویش وەستاوە بۆ هەڵگرتنەوەی، لەو ساتەدا شەمەندەفەرەكە هاتووە، باوك و دایكەكەیش هەوڵی رزگاركردنی كوڕەكەیان داوە، بەڵام هەرسێكیان لەژێر تایەی شەمەندەفەرەكە گیان لەدەست دەدەن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل