پارێزگاری هەولێر دوێنێ گەیشتە ئەمەریكا، ئەمڕۆ یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی شاری ناشڤێل و نوێنەری وەزارەتی دەرەوە و چەند دۆستێكی سیاسەتمەداری ئەمەریكی ئەنجام دا.
ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئایار، شاندێكی پارێزگای هەولێر بەسەرۆكایەتیی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەئەندامێتی قایمقامی قەزای ناوەند و سەرۆكی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی تەندروستی و پەروەردەی هەولێر و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆكی كۆمسیۆنی بووژاندنەوەی قەڵات و ژمارەیەك خاوەنكار، گەیشتنە ئەمەریكا و یەكەمین كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجوومەنی شاری ناشڤێل و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و چەند دۆستێكی سیاسەتمەداری ئەمەریكی ئەنجام دا.
لە كۆبوونەوەكەدا كە هەریەك لە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و سەرۆكی ئەنجوومەنی سستەر ستی ناشڤێل ئامادەی بوون، جگە لە پێشكەشكردنی چەند گوتارێك و پێشاندانی ڤیدیۆیەك لەسەر پێشكەوتنەكانی هەولێر و قۆناغەكانی ئاوەدانی و ڕەوشی مرۆیی، گفتوگۆ لەسەر پەرەپیدانی پێوەندییەكان كرا.
جێی باسە سەردانەكەی شاندی پارێزگای هەولێر بۆ ئەمەریكا، بە مەبەستی پەرەپێدانی پێوەندییەكان و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زۆر و سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی ئەم وڵاتە بۆ زیاتر پێشكەوتنی هەولێر. لە چوارچێوەی سەردانەكەشیاندا سەردانی واشنتنیش دەكەن و چەندان دیداری گرنگ ئەنجام دەدەن.